سێیەمین کۆنفرانسی تایبەت بە کورد لە مۆسکۆ بەڕێوەچوو

kurdistan24.net

K24 - مۆسکۆ

لە پەیمانگەی رۆژهەڵاتناسی مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، سێیەمین کۆنفرانسی تایبەت کورد لەژێر ناوی "خوێندنەوەی لازاریێڤ" بەڕێوەچوو، لە کۆنفرانسەکەدا 20 بابەت و توێژینەوەی زانستی لەلایەن پسپۆڕ و کوردناسانەوە پێشکەشکران.

لە کۆنفرانسەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە پسپۆڕ و کوردناسان لە هۆڵی پەیمانگەی رۆژهەڵاتناسی ئامادەبوون، بەشێکی دیکەشیان لە نەمسا، هۆڵەندا، سوید و بێلاریس و شارەکانی دیکەی رووسیاوە بە شێوەی ئۆنلاین بەشداریان کرد، سەرۆکی پەیمانگەی رۆژهەڵاتناسی دەڵێت: کۆنفرانسەکە نیشانەی گرنگیدانمانە بە پرسی کورد.

ڤیچیسلاڤ یاکەڤلێڤیچ، سەرۆکی پەیمانگەی رۆژهەڵاتناسی بە کوردستان24ی گوت: "پرسی کورد مێژووییەکی قووڵی هەیە، بۆیە بە خێرایی چارەسەرکردنی زەحمەتە، رەنگە چارەسەری لە داهاتووی دووردا بێت، لێرەدا گرنگە لە خودی پرسی کورد تێبگەین، چارەسەرەکان دەستنیشان بکەین، ئەو کاراکتەرانە دەستنیشان بکەین کە ئەم ئەرکە هەڵدەسوڕێن، کێن ئەو هێزانەی پشتیوانی دەکەن، هەلومەرجی هەنووکەیی رۆژهەڵاتی ناوین و تەشەنەسەندنی شەڕی عەززە پرسەکە هێندەی دیکە پاشدەخات".

گوتیشی: "پرسی کورد لە سێ ئاستدا دەتوانرێت چارەسەر بکرێت، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، پاشتر هەلومەرجی هەرێمایەتی لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوین، واتە پەیوەندی نێوان تورکیا، ئێران، سووریا و عێراق، دواتریش ئاستی ناوچەیی، واتە پەیوەندی نێوان هێزە کوردییەکان و رێکخراو و کاربەدەستانی کوردستان، لەگەڵ ئەو ئامانجانەی خەباتی بۆ دەکەن".

لە کۆنفرانسەکەدا 20 توێژینەوەی زانستی لەبارەی مێژوو، کولتوور، زمان و جیۆپۆلەتیک، وزە، ئابووری و میوزیکی کوردی و پێکهاتە ئاینیەکانی گەلی کوردەوە  پێشکەشکران،  رێکخەری کۆنفرانسەکەش دەڵێت: دید و بۆچوونەکانی ناو کۆنفرانسەکە دەکەن بە پەرتوکێک و دەیخەنە خزمەتی ئەو کەس و دامەزراوانەی سەرقاڵی پرسی کوردن.

 کیریڵ ڤێرتیاێڤ، بەرپرسی بەشی کوردناسی لە پەیمانگەی رۆژهەڵاتناسی گوتی: "ئەو ئەنجامانەی لەم کۆنفرانسە دەستەبەر دەبن، بە سوود و سەرەنجڕاکێشن بۆ پەیوەندی نێوان وڵاتان، پاشان ئەم ئەنجامگیریانە بەردەستن و شاراوە نین، بۆیە بێگومان لای ئەو ئەکادیمیستانەی سەرقاڵن بە پرسی کوردەوە جێی بایەخن، چونکە شارەزا و پسپۆڕی جیاجیا و لە وڵاتی جیاوازەوە لێرە بە بابەتەکەنیان کۆنفرانسەکە دەوڵەمەند دەکەن، لێرەوە دەتوانین لە سیاسەتی رووسیا تێبگەین لە پەیوەست بە کوردەوە، هاوکات دەشێت لەوەش تێبگەین کە ئاخۆ ئاراستەی سیاسەتی رووسیا لەگەڵ نیگەرانی و خەمەکانی کورد تا چەند هاوئاهەنگە، بەڵام گرنگی بابەتی زانستی ئەکادیمی لەوەدایە کە بڕیاری پێشوەختە و لایەنگیر نادات و لەسەر بنەمای واقیع و هەلومەرج ئەنجامگیری دەکات".

 رێکخستنی کۆنفرانسێک بۆ تاوتوێکردنی پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەرخەری ئەو راستییە کە پرسی کورد بەلای ناوەندە زانستی و سیاسییەکانی رووسیاوە گرنگ و پڕ بایەخە.