دیبەیتی کوردستان24 پەیوەست بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە نەینەوا

دیبەیتی کوردستان24 پەیوەست بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە نەینەوا
دیبەیتی کوردستان24 پەیوەست بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە نەینەوا

K24 - هەولێر:

بەرپرسی لقی 23ـی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەشێک لە کاندیدانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە میانی بەشداریکردنیان لە دیبەیتێکی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی کرد، بەرنامەی کاری داهاتووی خۆیان بۆ ئامادەبووان خستەڕوو، هاوکات بەڵێنیاندا ئەگەر لەو هەڵبژاردنە بتوانن دەنگی پێویست بەدەست بهێنن لە خزمەتی خەڵکی  پارێزگاکە بەردەوام دەبن و دواکارییەکانیان جێبەجی دەکەن.

بڕیارە لە 18ـی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.

سەنگەر کانەبی: پارتی لە پشتیوانیکردنی جووتیارانی کورد بەردەوام دەبێت

سەنگەر کانەبی، بەرپرسی لقی 23ـی قەرەچووغی پارتی، رایگەیاند، ئێمە لە سنووری لقی 23 لە سنووری قەزای مەخموور بە هەموو ناحییەکانییەوە کە پێکدێن لە قەراج، گوێڕ، کەندێناوە و مەلاقەرە بەشدارین لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا و لەو ناوچانەدا حەوت کاندیدمان هەیە، لە کۆی 52 کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگای نەینەوا، هاوکات هەموو نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکان لەناو لیستی پارتی کۆبوونەتەوە.

بەرپرسی لقی 23ـی قەرەچووغی پارتی، ئاماژەی بەوەدا، ئەرکی ئێمەیە پشتیوانی تۆکمە بۆ لیستەکەمان کۆبکەینەوە، کە لیستی ژمارە 197ـە، هەروەها لە هەموو هەڵبژاردنەکانی رابردوو لەسەر ئاستی عێراق پارتی هەمیشە براوە بووە و هەمیشە پێشەنگ بووە.

سەنگەر کانەبی، گوتی: لە سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان خزمەتێکی زۆر گەورەی پێشکەشکردووە بە تایبەت لە پاراستنی خەڵکەکەی.

بەرپرسی لقی 23ـی قەرەچووغی پارتی، باسی لەوەکرد، هەمیشە پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن دروشمی پارتی بووە. سەنگەر کانەبی، دەڵێت: پارتی کێشەی لەگەڵ هیچ ئایین و نەتەوەیەکی جیاواز نییە.

بەرپرسی لقی 23ـی قەرەچووغی پارتی، ئاماژەی بەوەشکرد، دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر دۆخی ناوچەکانی سنووری ماددەی 140 سەختبووە، هاوکات رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر دەرگای بۆ کێشەکان کردەوە.

لەبارەی کێشەی جووتیارانی کورد، ناوبراو رایگەیاند، هەوڵدەدەین کێشەی جووتیاران چارەسەر بکەین و بەرگری لە مافی جووتیارانی کورد دەکەیەن. روونیکردەوە، جووتیاران بەر لە 16ـی ئۆکتۆبەر کێشەی تەعریبیان نەبوو.

گوتیشی: پارتی بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی جوتیارانی کورد، هەروەها کۆمەڵێک پڕۆژەی ئاودێرییان بۆ دروست دەکرێن.

لەبارەی حکومەتی عێراقیش، سەنگەر کانەبی، دەڵێت: نابێت حکومەتی عێراق تەنها پشت بە سامانی نەوت ببەستێت، بەڵکو دەبێت گرنگی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵی بدات.

بەرپرسی لقی 23ـی قەرەچووغی پارتی، لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، لە سنووری مەخموور گرنگی زۆر بە کەرتی پەروەردە دەدرێت و سیستەمی دوو دەوامی لە قوتابخانەکانی مەخموور نییە. ناوبراو دەشڵێت: لە داهاتوویەکی نزیکدا قوتابخانە کۆنەکان نۆژەن دەکەینەوە.

باسل جەرجیس: دەمانەوێت خزمەتی زیاتری پارێزگای نەینەوا بکەین

باسل جەرجیس، کاندیدی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئاماژە بەوەدەکات، لەگەڵ کوردەکان بەیەکەوە دەژین و برای یەکترن و بەپشتیوانی سەرۆک بارزانی هەمیشە بەو شێوەیە دەمێننەوە.

ئەو کاندیدەی پارتی گوتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان کارەکانیان بە رێکوپێکی کردووە و هیچ جیاوازییەکی نەکردووە لە نێوان کورد و عەرەب.

باسل جەرجیس، گوتیشی: راسپاردەی سەرۆک بارزانی هەمیشە ئەوە بووە کە خزمەت بە خەڵکی پارێزگای نەینەوا بکەین.

ئەو کاندیدەی پارتی، لەبارەی پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ ئەوەی خستەڕوو، پڕۆژەیەک هەیە و لە ماوەی داهاتوودا کاری لەسەر دەکرێت، بڕیاری لەسەر دراوە و پەسەندکراوە، کە پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆیە بۆ قەزای مەخموور و قەراج.

سەرنجی خستە سەر ئەوەش، کە دەیانەوێت خزمەتی زیاتری پارێزگای نەینەوا بکەن، هەروەها بەڵێنی دابینکردنی پەین و کەرستەی کشتوکاڵییان بۆ جووتیاران وەرگرتووە، چەند پێداویستیەکی دیکەش هەن کە هەوڵدەدەن بۆیان وەربگرن وەک خۆی ئاماژەی پێدەدا، جووتیاران شایەتی خزمەتی زیاترن.

باسل جەرجیس، ئاماژەی بەوەشدا، هەموو ئەو داواکارییانەی خەڵک کە هەیانە، پەیوەست و پەیوەندیدارن بە بوونی ئێمە لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا.

کاوە عەزیز: ئامانجی پارتی درێژەدانە بە خزمەتکردن

کاوە عەزیز کاندیدی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، گوتی: پارتی لە هەر شوێنێک بێت لە خزمەتکردن بەردەوام دەبێت.

ئەو کاندیدەی پارتی ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر لەو هەڵبژاردنە سەرکەوتوو بێت بەڵێن دەدات بەهەموو شێوەیەک پاڵپشتی لە لاوان بکات.

کاوە عەزیز، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە قەزای مەخموور سەبەتەی خۆراکی هەموو عێراقە. ئەو کاندیدەی پارتی گوتیشی: پارتی کێشەی جووتیارانی کورد چارەسەر دەکات.

راڤە عومەر: خەڵک بڕوای بە بەڵێنەکانی پارتی هەیە

راڤە عومەر، کاندیدی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت: پارتی گوێ لە گلەیی و گازاندەی خەڵک دەگرێت و کار لەسەر داواکاری خەڵک دەکەین.

ئەو کاندیدەی پارتی ئاماژەی بەوەدا، پارتی خزمەتێکی زۆری لە سنووری گوێڕ پێشکەش کردووە و خەڵک بروای بە بەڵێنەکانی پارتییە.

ناوبراو گوتی: پارتی لە پشتگیریکردنی ئافرەتان بەردەوام دەبێت، هەروەها پارتی بەرگریکارێکی سەرسەختی مافی ئافرەتانە.

ئەحمەد هادی: لیستی پارتی بەرنامەیکی گشتگیری بۆ خزمەتکردنی ناوچەکە هەیە

ئەحمەد هادی، کاندیدی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئاماژە بەوەدەکات، بەرنامەی ئێمە پشتگیریکردنی تەواوی کەرتەکانە، هەروەها لیستی پارتی بەرنامەیەکی گشتگیری بۆ خزمەتکردنی ناوچەکە هەیە.

ئەو کاندیدەی پارتی، سەرنجی خستەسەر ئەوەش، زۆر گرنگە جەخت لە بابەتی پەروەردە بکەینەوە، بە تایبەتی لە دروستکردنی قوتابخانە و گواستنەوە مامۆستا باشەکان بۆ ناوچەکانی ئێمە.

گوتی: قەراج و کەندێناوە پێویستی بە پشتگیریکردنی کشتوکاڵییە.

لەبارەی سێکتەری پەروەردە، ناوبراو دەڵێت: دەمەوێت خزمەتی سێکتەری پەروەردە لەنێو گوێر و مەخمووردا بکەم، هەوڵدەدەین قوتابخانەی زیاتر لەو ناوچانە دروستبکەین، هەرچی پێویست بێت بۆ قوتابخانەکان دابین دەکەم و پشتگیری لە هەموو پرۆگرامە نوێیەکانی خوێندن دەکەم کە دەبێت بۆ قوتابییان فەراهام بکرێت.

ئەحمەد حازم: دەمانەوێت پارێزگای نەینەوا هاوشێوەی هەولێر و دهۆک ئاوەدان بکەینەوە

ئەحمەد حازم، کاندیدی پارتی بۆ ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت: هەوڵدەدەم ئەزموونی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت هەولێر و دهۆک بۆ پاریزگای نەینەوا بگوازمەوە، لەرووی ئاوەدانکردنەوە، بیناسازی و ئاسایشەوە.

ئەو کاندیدەی پارتی، ئاماژەی بەوەدا، پشتگیری پرۆسەی پەروەدە دەکات و کار دەکات بۆ گواستنەوەی مامۆستا بە ئەزموونەکان بۆ ناوچەکانیان.

ئەحمەد حازم گوتی: پشتگیری لە کەرتی تەندروستی دەکەم لە مەخموور، قەراج، دیبەگە و ناوچەکانی دیکە، هەروەها هەمووان دەزانن تەواوی ئەو ناوچانە پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن بە رێژەی 75% بۆیە دەبێت پشتگیری لەو کەرتە بکەین بە شێوەیەکی تایبەتی.

پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا

پارتی وەک تاکە لایەنی سەرەکی کوردستانی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لیستی سەربەخۆی هەیە و بە ناو و لۆگۆی خۆی بە لیستی ژمارە (197) بەشداری لە هەڵبژاردن دەکات و 52 کاندیدی هەیە لە زۆربەی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی و ناوچەییەکانی پارێزگاکە پێکهاتووە.

وەک بەرپرسان و کاندیدانی پارتی لەو پارێزگایە ئاماژەیان پێکردووە، لە نەینەوا لە بەردەم هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازن و بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچە کوردستانییانەی لەو پارێزگایە لە دۆخێکی ئیداری و ئەمنی نەخوازراودان، بەهێزەوە چوونەتە کێبڕکێی هەڵبژاردن و هەوڵی بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی کورد دەدەن لە ئەنجوومەنی داهاتووی پارێزگای نەینەوا، کە لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا، دەنگی یەکەمی هێزە کوردستانییەکان بووە لەو پارێزگایە.

لە هەڵبژاردنی رابردووی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوادا کە ساڵی 2013 بەڕێوەچوو، پارتی توانی نۆ کورسی بەدەستبهێنێت و پۆستەکانی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و جێگری پارێزگار و چەند پۆستێکی دیکەی لە ئیدارەی پارێزگاکە بەدەستهێنا و ئەمجارەش چاوی لەوەیە، رۆلی زیاتر ببینێت لە بەڕێوەبردنی پارێزگای نەینەوا و پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.