گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک: زۆربەی ئەرکە ئەمنییەکان لە رۆژی دەنگدان بە ئێمە سپێردراوە

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک رایگەیاند، تەواوی ئامادەکاریمان کردووە، 80% ئەرکەکان دراوەتە پۆلیسی کەرکووک، بۆ پاراستنی دۆخی ئەمنیی و ئاسایشی ناو شاری کەرکووک.

موقەدەم عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک، لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، گوتی: "کەرکووک تایبەتمەندییەکی جیاوازی هەیە، لێرە چەندین پێکهاتەکان هەن، جگە لەوە هێزێکی زۆر فراوان و جیاواز هەن کاردەکەن، پلانێکی تایبەت دانراوە بۆ کەرکووک هەموو هێزەکان تێیدا بەشدارن، ئەوەی گرنگە 80% ئەرکەکان دراوەتە پۆلیسی کەرکووک، پۆلیسی کەرکووکیش 318 بنکەی دەنگدان دەپارێزێت".

گوتیشی: "ئێمە وەک پۆلیس کار دەکەین بەبێ هیچ جیاوازییەک لەنێوان هێزەکاندا، جگە لەوەی سنوورمان هەیە چەندین ناوچەی دیکەشمان پاراستووە، ئامادەکاریمان تەواو کردووە ئێستا هێزەکانی پۆلیس لە هەموو بنکەکان هەن و پێداویستییەکانی کۆمیسیۆنیش گوازراوەتەوە بۆیان".

راشیگەیاند: "ئەمساڵ قەدەغەی هاتووچۆ نییە، هاووڵاتییان بە ئازادی دەتوانن بێنە ناو بنکەکانی دەنگدان، لەنێوان شارەکانیش قەدەغەی هاتووچۆ نییە، بۆیە ئەگەر کەسێک لە دەرەوەی شاری کەرکووکیش بوو، دەتوانێت بێتە ناوشاری کەرکووک و دەنگی خۆی بدات، ئێمە توانای ئەوەمان هەیە دۆخی ئەمنی شاری کەرکووک بپارێزین تا کۆتایی پرۆسەی دەنگدان".

گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک، ئاماژەی بەوەشدا: "بە سەرپەرشتی فەرماندەی کەرکووک ئەمنیەتی ناوشاری کەرکووک بەڕێوەدەچێت، ئەوەی گرنگە لەناو شاری کەرکووک سەنتەری شارەکەیە، فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک خۆی سەرپەرشتی ئەو پلانە دەکات، ئەو ناوچانەی کە هاوسنوورن لەگەڵ پێشمەرگەدا، پۆلیسی پلەبەرز دانراون بۆ بەڕێوەبردنی و ئیدارەدانی ئەو ناوچانە".