فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا : ملیۆنێک و 700 هەزار کەس لە غەززە بێماڵ ماونەتەوە
K24 – هەولێر :
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا قەبارەی گواستنەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە ئاشکرا دەکات، ئاماژە بەوەشدەکات، ملیۆنێک و 700 هەزار کەس لە کەرتی غەززە بێماڵ ماونەتەوە، دوو ملیۆن و 200 هەزار کەسی دیکەش پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی هەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ( 14 ی کانوونی یەکەمی 2023)، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە راگەیاندراوێکدا قەبارەی گواستنەوەی هاوکارییە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ کەرتی غەززە ئاشکرا کرد.
بە پێی راگەیاندراوەکە، لە 28 ی تشرینی دووەمی 2023، فڕۆکەکان نزیکەی 25 تۆن یارمەتییە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە خواردەمەنی بۆ دانیشتوانی کەرتی غەززە گواستۆتەوە، راشیدەگەیەنێت: ئەو فڕۆکەیەی یارمەتیەکەی گواستۆتەوە لە جۆری ( سی 17) یە و سەر بە هێزەکانی ئاسمانی ئەمریکایە، فرۆکەکە لە میسر نیشتۆتەوە، دواتریش لەڕێگەی وشکانی یارمەتیەکە گواستراوەتەوە، فەرماندەییەکە ئاشکرای کردووە، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر لە ( 226800) کیلۆ گرام هاوکاریی گەیاندۆتە غەززە کە پێکهاتبوو لە خۆراک.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، لە 8 ی کانوونی یەکەمی 2023، فڕۆکەکانی هێزەکانی ئاسمانیی ئەمریکا لە جۆری ( گلۆبماستەر)، نزیکەی ( 58000) کیلۆگرام هاوکاریی مرۆیی لە پێداویستی پزیشکی و جلوبەرگ و خۆراکی لە ناوچە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گواستۆتۆتەوە کەرتی غەززە.
بەپێی راگەیاندراوی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، ملیۆنێک و 700 هەزار کەس لە کەرتی غەززە بێماڵ ماونەتەوە، دوو ملیۆن و 200 هەزار کەسی دیکەش پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی هەیە، دەشڵێ: زیادکردنی هاوکارییە مرۆییەکان گرنگە بۆ رزگارکردن و کەمکردنەوەی ئەو ئازار و ناخۆشیانەی خەڵکەکە هەیەتی.
ئەو فەرماندەییە ئاشکرای دەکات، بە هەوڵی هاوبەشی نێوان ئاژانسی ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی و فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، هێزەکانی ئاسمانی ئەمریکا پێویستیەکانی ژیان رزگار کردن گەیاندە کەرتی غەززە، بۆ یارمەتیدانی ئەو هاووڵاتییە فەڵەستینیانەی کە زەرەرمەندن لەو ئاڵۆزیەی بەردەوامی هەیە و پێویستیشیان بەو هاوکارییە هەیە.
لە نوێترین زانیاریدا دەربارەی قوربانییەکانی جەنگی نیوان حەماس و ئیسرائیل، وهزارهتی تهندروستی فهڵهستین رایگەیاند: بههۆی هێرشه بهردهوامهكانی ئیسرائیلهوه ژمارهی كوژراوان بۆ 18 ههزار و 787 كهس بهرز بووهتهوه، هاوكات ژمارهی برینداران گهیشتووهته 50 ههزار و 897 كهس.
رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون، هاوکات 240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە دهستبهسهر كران.
ههروهها بەگوێرەی ئاماری سوپای ئیسرائیل، لە دەستپێکی شەڕی غەززە لە 7ـی تشرینی یەکەمی ئهم ساڵهوه تا ئێستا 434 سەربازی ئیسرائیل کوژراون.
کارزان حەیدەر