بە فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ژمارەیەک ناحیەی نوێ هێنرانە کایەوە

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چوار ناحیە لە سنووری پارێزگای هەولێر هێنرانە کایەوە و سنووری ئیداری نوێ بۆ ژمارەیەک گوند و ناحیەی دیکە دیاریدەکرێت. 

رۆژی پێنجشەممە (14ـی کانوونی یەکەمی 2023) لە چوارچێوەی گرنگی دانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فراوانکردنی ناوچە ئیدارییەکان و هێنانەکایەی ناحیەی نوێ لە سنووری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەمەبەستی کارئاسانی بۆ هاووڵاتییان، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چوار ناحیەی نوێ لە سنووری پارێزگای هەولێر هێنرانە کایەوە.

ئەو ناحیانەی هێنراونەتە کایەوە بریتین لە:

یەکەم: هێنانە کایەی ناحیەی کۆڕێ و لکاندنی بە قەزای پیرمام.

دووەم: هێنانە کایەی ناحیەی بەستۆڕە و لکاندنی بە قەزای پیرمام.

سێیەم: هێنانە کایەی ناحیەی بناری سەفین و لکاندنی بە قەزای پیرمام

چوارەم: هێنانە کایەی ناحیەی بێستانە کە ناوەندەکەی گوندی بێستانە دەبێت و ترازاندنی لە قەزای دەشتی هەولێر.

هەر لە چوارچێوەی ئەم فەرمانەدا ژمارەیەک ناحیە و گوندیش سنووری ئیداری نوێیان بۆ دیاری کراوە کە پێشتر لە سنووری قەزا و ناحیەی دیکەبوون بەم شێوەیەی خوارەوە:

یەکەم: ترازاندنی ناحیەی دارەشەکران، بە تەواوی گوندەکانیەوە لە سنووری قەزای خەبات و لکاندنیان بە قەزای پیرمام.

دووەم: ترازاندنی گوندەکانی (شیوەپیران، رەسول بچکۆل) لە ناحیەی شۆڕش سەر بە قەزای کۆیە و لکاندنیان بە ناحیەی بێستانە.

سێیەم: ترازاندنی گوندەکانی (کانی بزرە، رولکە، هەیتە کوژە، شاقازی، حەسەن موتریب، سۆفی برایم، پونگینە، میرەکانی خدر، چالەگردەرە، ئازیانە، قەشقە، خوڕخوڕ، دووشیوان، پەلکانە لە قەزای قوشتەپە، لکاندنیان بە ناحیەی بێستانە لە قەزای دەشتی هەولێر.

چوارەم: ترازاندنی گوندەکانی (بێستانەی گەورە، سەرمەزرا، بێستانەی بچووک، ئۆمەرە سۆر) لە قەزای دەشتی هەولێر، لکاندنیان بە ناحیەی بێستانە لە قەزای دەشتی هەولێر.

فەرمانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێکەوتی دەرچوونییەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە بریتییە لە رێکەوتی (14ـی کانوونی یەکەمی 2023).