شاخەوان عەبدوڵڵا لەبارەی هەڵبژاردن پەیامێك ئاراستەی خەڵکی کەرکووك دەکات

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پەیامێکدا داوا لە خەڵکی کەرکووك و دەوروبەری دەکات بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بکەن و دەڵێت: تا بتواندرێت لە رێگەی زۆرینەی ئەنجوومەنەوە پارێزگارێکی شەرعی هەڵبژێردرێت و کۆتایی بە دەسەڵاتی شۆڤینی و جیاکاری بهێندرێت و سەردەمێکی نوێ دەستپێبکات کە تێیدا یاسا سەروەربێت.

ئەمڕۆ هەینی (15ـی کانوونی یەکەمی 2023) شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، "تکا لەسەرجەم خەڵکی شارەکەم دەکەم ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە لەهەر جێگایەکی ئەم کوردستانەن لە رۆژی دەنگدان بەشداری بکەن و هەوڵبدەن زۆرترین کوڕ و کچی شارەکەمان بگەیەننە ئەنجوومەنی پارێزگا، بۆ ئەوەی لەوێوە پارێزگارێکی شەرعی هەڵبژێرن و کۆتایی بە دەسەڵاتی شۆڤینی و گەندەڵی و جیاکاری لەخزمەت گوزاری و دامەزراندن بێت و سەردەمێکی نوێ دەستپێبکات کە تیێیدا یاسا سەروەربێت و ماف بۆ خاوەن مافەکان بگەڕێتەوە.

هەروەها لە پەیامەکەدا هاتووە، نەچونتان بۆ دەنگدان کارەساتی گەورەی بەدواوە دەبێت بۆ گەلەکەمان، دڵنیام وەک هەمیشە ئێوەی قارەمان لەئاست ئەو بەرپرسیارێتیەن هەر وەک چۆن بەخوێنی رۆلەکانتان داکۆکیتان لەبوون و ناسنامەی شارەکەتان کردووە، ئەمجارەش زۆرینەی کوردی ئەو شارە دەپارێن.

شاخەوان عەبدوڵڵا، بە حزب و لایەنە کوردستانییەکانیش رادەگەیەنێت، کە بتوانن زۆرترین دەنگدەر بگەیەننە سەر سندوقی دەنگدان لە رێگای هاندان یاخود ئاسانکاری و دابینکردنی ئامرازەکانی گواستنەوەیان لەناو شار یان لە دەرەوەی شار، هەروەها دەشڵێت: دەرفەت هەیە ئەم چەند رۆژەی ماوە هانی دەنگدەران بدرێت و بەشدارییەکی کارایان پێ بکریت لەهەڵبژاردنەکان.

بڕیارە سبەی شەممە (16ـی کانوونی یەکەمی 2023) کاتژمێر حەوتی بەیانی تاوەکو شەشی ئێوارە، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەدەچێت، دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەینی بەگوێرەی رێنمایی و رێکارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بانگەشەی هەڵبژاردن کۆتاییهات.

هەروەها بڕیارە رۆژی دووشه‌مه‌ 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.

ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 15 کورسی پێکهاتووە، 248 کاندید لە 10 هاوپەیمانییەتی، پێنج لیستی پارتی سیاسی و سێ کاندیدی سەربەخۆ، کێبڕکێ لەسەر ئەو کورسییانە دەکەن.

لەم هەڵبژاردنەدا، تەنیا ئەو دەنگدەرانی کارتی بایۆمەترییان هەیە یاخود ناوی خۆیان تۆمارکردووە ناویان لە تۆماری دەنگدەران هەیە، کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەران لە پارێزگای کەرکووک بریتییە لە 870 هەزار و 920 دەنگدەر. لەو ژمارەیەدا، 813 هەزار و 590 دەنگدەر لە دەنگدانی گشتی و 57 هەزار و 330 دەنگدەر لە دەنگدانی تایبەت دەنگ دەدەن.

هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش 11 هەزار و 56 فەرمانبەر سەرپەرشتی پرۆسەی دەنگدان دەکەن لە 344 بنکەی دەنگدان کە لە دوو هەزار و 33 وێستگەی دەنگدان پێکهاتووە، بەشێوەیەک؛ بۆ دەنگدانی گشتی 318 بنکەی دەنگدان و هەزار و  898 وێستگەی دەنگدان ئامادەکراوە. بۆ دەنگدانی تایبەتیش 26 بنکەی دەنگدان و 135 وێستگەی دەنگدان پرۆسەکەیان تێدا بەڕێوەدەچێت

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە چوار قەزا و 12 ناحییەی ئەو پارێزگایە ئەنجام دەدرێت، کورد پێداگیری کردووە سەرژمێری ساڵی 1957 بکرێتە بنەما بۆ تۆماری دەنگدان.

هەرچەندە لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکووک، بە پێنج لیستی جیاواز چوونەتە کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە لەگەڵ ئەوەشدا کورد جارێکی دیکە دەیەوێت زۆرینەی خۆی لە کەرکووک دووپاتبکاتەوە و پۆستی پارێزگاری کەرکووک و ئیدارەدانی شارەکە وەربگرێتەوە.