سوودانی داوا لە هاووڵاتییان دەکات بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکەن

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

K24 - هەولێر:

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، پێویستە هاووڵاتییان بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکەن. هاوکات ئاماژەی بەوەدا، هاووڵاتییان لە رێگەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا خواستەکان و مافە رەواکانیان بەدیدەهێنن.

ئەمڕۆ هەینی (15ـی کانوونی یەکەمی 2023) محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان گوتارێکی پێشکەشکرد و گوتی: حکومەتەکەمان لە چوارچێوەی پابەندییەکان و بەرپرسیارەکاندا بەڵێنی داوە کە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کاتی خۆیدا ئەنجامبدات و ژینەگەیەکی باشیش بڕەخسێنێت بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە.

سوودانی دەڵیت: پێویستە هاووڵاتییان بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکەن لەو رێگەوە خواستەکان و مافە رەواکانیان بەدیدەهێنن، وەلانانی ئەم مافە بێ پاساوە و ناکرێت لەدەستبدرێت.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئاماژەی بەوەشدا، حکومەتی عێراق پارێزگاری لەو پرۆسە دیموکراسییە دەکات و خەمساردیش نابێت لەبەرامبەر هەموو ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت دۆخەکە بشێوێنن، چونکە کەس بۆی نییە ئەو مافە لە عێراقییەکان بستێنێتەوە.

سوودانی، خوازیارە دوای تەواوبوونی هەڵبژاردن و راگەیاندنی ئەنجامەکان پەلەبکرێت لە پێکهێنانی حکومەتە خۆجێیەکان بەبێ دابڕان و ناکۆکی سیاسی بۆ ئەوەی پڕۆژەی ئاوەدانی پەکنەخرێت.

بڕیارە سبەی شەممە (16ـی کانوونی یەکەمی 2023) کاتژمێر حەوتی بەیانی تاوەکو شەشی ئێوارە، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەدەچێت، دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەینی بەگوێرەی رێنمایی و رێکارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بانگەشەی هەڵبژاردن کۆتاییهات.

هەروەها بڕیارە رۆژی دووشه‌مه‌ 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.