سوودانی پەیامێکی ئاراستەی هێزە ئەمنییەکان کرد

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

K24 - هەولێر

فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی، بەبۆنەی دەستپێکردنی دەنگدانی تایبەت،  پەیامێکی ئاراستەی هێزە ئەمنییەکان کرد.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بەبۆنەی دەستپێکردنی دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، پەیامێکی ئاراستەی هێزە ئەمنییەکان کرد و گوتی: "ئێمە متمانەی تەواومان بەهەوڵەکانی ئێوە هەیە و دەستخۆشیتان لێدەکەین بۆ پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەموو قۆناغەکاندا".

ئاماژەی بەوەشکرد، "جەخت لەوەدەکەینەوە کە ئێوە ئازادن لە وەی لە هەڵبژاردن دەنگ بەکێ دەدەن، هەروەها هیچ کەسێک بۆی نییە ناچارتان بکات دەنگ بەکێ و بە چ لایەنێک بدەن".

ئەمڕۆ 16/12/2023، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەدەچێت، لە کاتژمێر 7ی بەیانی پرۆسەکە دەستیپێکردووە و تا کاتژمێر 6ی ئێوارە بەردەوام بێت.

لە دەنگدانی تایبەت، یەک ملیۆن و دوو هەزار و 393 دەنگدەر لە هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان مافی دەنگدانیان هەیە، کە 565 بنکەی دەنگدانیان بۆ کراوەتەوە و دوو هەزار و 367 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرن. هەروەها 48 هەزار و 260 ئاوارە لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت مافی بەشداریکردنیان هەیە کە 35 بنکەی هەڵبژاردنیان بۆ ئامادەکراوە و 120 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، 500 رێکخراوی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی، بەشداری لە چاودێریکردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن، هەروەها زیاتر لە 420 هەزار فەرمانبەر لە هەردوو پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەشداری دەبن.