لە چەند بنکەیەک پرۆسەی دەنگدان پەکیکەوتووە

تۆڕی شەمس: بەشێک لە ئامێرەکانی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان و عێراق لەکارکەوتوون
بنکەیەکی دەنگدان لە کەمپی حەسەن شام دوو - فۆتۆ: رێناس عەلی
بنکەیەکی دەنگدان لە کەمپی حەسەن شام دوو - فۆتۆ: رێناس عەلی

K24 – هەولێر

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردن، بەشێک لە ئامێرەکانی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان و عێراق لەکارکەوتوون و پرۆسەی دەنگدان پەکیکەوتووە.

‏ تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردن رایگەیاند: بەشێک لە ئامێرەکانی دەنگدان لە بنکەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەکارکەوتوون، بەهۆیەوە لە چەندین بنکەی دەنگدان پرۆسەکە پەکیکەوتووە".

پێشتر رێناس عەلی، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاندبوو، لە بنکەیەکی دەنگدان لە کەمپی "حەسەن شام دوو" بەهۆی لەکارکەوتوونی ئامێرەکان هیچ دەنگدەرێک نەیتوانیوە دەنگ بدات.

روونیکردەوە، لەو بنکە 485 کەس مافی دەنگیان هەیە، بەڵام ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان پەنجەمۆری دەنگەدەران ناخوێنێتەوە، ئەمەش وایکردووە، کە پرۆسەکە پەکی بکەوێت.

ئەمڕۆ شەممە 16/12/2023، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد، یەک ملیۆن و دوو هەزار و 393 دەنگدەر لە هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان مافی دەنگدانیان هەیە، کە 565 بنکەی دەنگدانیان بۆ کراوەتەوە و دوو هەزار و 367 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرن. هەروەها 48 هەزار و 260 ئاوارە لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت مافی بەشداریکردنیان هەیە کە 35 بنکەی هەڵبژاردنیان بۆ ئامادەکراوە و 120 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.