بەڕێوەبەری بنکەی دەنگدان لە خازر: هەندێک کەس بەهەڵە هاتوون بۆ دەنگدان

بنکەی دەنگدان لە کەمپی خازر - فۆتۆ: رێناس عەلی
بنکەی دەنگدان لە کەمپی خازر - فۆتۆ: رێناس عەلی

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری بنکەی دەنگدان لە کەمپی ئاوارەکانی خازر رایگەیاند: هیچ گرفتێکی تەکنیکیمان نەبووە لە پڕۆسەی دەنگدان، بەڵام هەندێک کەس بەهەڵە هاتوون بۆ دەنگدان.

محەممەد یوسف، بەڕێوەبەری بنکەیەک لە کەمپی خازر بە کوردستان24ـی گوت: "تا ئێستا هیچ گرفتێکی تەکنیکیمان نەبووە پڕۆسەکە لە کاتژمێر حەوتی بەیانییەوە بە باشی بەڕێوە دەچێت".

گوتیشی: "ئەوانەی کە مافی دەنگدانیان هەیە، ئاوارەکانن، کە چەند ساڵێکە لێرە ماونەتەوە، ئێمە دەنگدانیان بۆ بەڕێوە دەبەین کە نزیکەی 314 دەنگدەرن لەو کەمپە هەن و دەنگدەری هەموو لایەنەکانی تێدایە، ئەوانەی کە سەردانی ئێرە دەکەن ئێمە لای خۆمانەوە ناوەکانیان دەنووسین، لە بەیانیەوە رێکخراوی یوئێن و تەواوی رێکخراوەکانی دیکە هاتوون و سەردانی ئێرەیان کردووە".

گوتیشی: "هەندێک حاڵەتی ‌هەڵە خوێندنەوەمان هەیە، ئامێرەکە ناوەکانیان ناخوێنێتەوە و ئێمەش رەوانەی شوێنی خۆیانمان کردوونەتەوە، چونکە بەهەڵە هاتوونەتە دەنگدان، ئەو کەسانەی کە دەنگ دەدەن، ئامێرەکە ناوەکەی دەخوێنێتەوە ئەگەر بێت و نەخوێنرێتەوە ئامێرەکە دەڵێت ئەو دەنگدەرە هی ئەم ناوچە نییە".

جەختیکردەوە، کاتژمێر شەشی ئێوارە بنکەکانی دەنگدان دادەخرێن و ئامێرەکە خۆی دەکوژێتەوە و پرۆسەکە کۆتایی پێدێت.

ئەمڕۆ شەممە 16/12/2023، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد، یەک ملیۆن و دوو هەزار و 393 دەنگدەر لە هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان مافی دەنگدانیان هەیە، کە 565 بنکەی دەنگدانیان بۆ کراوەتەوە و دوو هەزار و 367 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرن. هەروەها 48 هەزار و 260 ئاوارە لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت مافی بەشداریکردنیان هەیە کە 35 بنکەی هەڵبژاردنیان بۆ ئامادەکراوە و 120 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.

لە پارێزگای هه‌ولێر 15 هەزار 492 چەکدار و کارمەندی هێزە ئەمنییەکان مافی دەنگدانیان هەیە و  12 بنکەی دەنگدان کراونەتەوە کە 36 وێستگە لەخۆ دەگرێت، هەروەها پێنج هەزار و 23 ئاوارە لە هەولێر مافی دەنگدانیان هەیە و 7 بنکەی دەنگدانیان بۆ کراوەتەوە و 13 وێستگە لەخۆ دەگرێت. لە پارێزگای سلێمانی 23 هەزار و 402 دەنگدەر لە هێزە چەکدار و ئەمنییەکان مافی دەنگدانیان هەیە، لە 15 بنکەی دەنگدان کە 56 وێستگە لە خۆدەگرێت، هاوکات سێ هەزار و 815 ئاوارە مافی دەنگدانیان هەیە پێنج بنکەی دەنگدانیان بۆ کراوەتەوە 11 وێستگە لە خۆدەگرێت. لە پارێزگای دهۆک 14 هەزار و 788 دەنگدەر لە هێزە چەکدار و ئەمنییەکان دەتوانن لە 11 بنکە دەنگ بدەن کە پێکهاتووە لە 35 وێستگە،و 39 هەزار و 422 ئاوارەش لەو پارێزگایە مافی دەنگدانیان هەیە 23 بنکەی دەنگدانیان بۆ کراوەتەوە کە 96 وێستگە لە خۆ دەگرێت.