پارێزگاری نەینەوا: تائێستا هیچ پێشێلکارییەک لە پڕۆسەی دەنگداندا تۆمارنەکراوە

K24 - هەولێر

پارێزگاری نەینەوا رایگەیاند، نزیکەی 100 هەزار دەنگدەری تایبەت لە هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەکان لە پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا مافی دەنگدانیان هەیە و تائێستا هیچ پێشێلکارییەک تۆمار نەکراوە.

ئەمڕۆ شەممە، 16ـی کانوونی یەکەمی2023، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە کاتژمێر 7ی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە پڕۆسەی دەنگدان لە پارێزگای نەینەوا دەستیپێکردووە، نزیکەی 100 هەزار دەنگدەری تایبەت لە هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەکان دەتوانن لە پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بەشداربن.

گوتیشی: "لە نەینەوا 49 بنکەی دەنگدان و 234 وێستگەی دەنگدان هەیە، دەرگای گشت بنکەکانی دەنگدان کراونەتەوە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پارێزراون و تاکو ئێستا هیچ پێشێلکارییەک لە پڕۆسەی دەنگداندا تۆمار نەکراوە".