ئەفسەرێکی فەرماندەی کەرکووک: دەتوانین بە دەنگمان رێگری لە تەعریب بکەین

K24 - هەولێر

ئەفسەرێکی فەرماندەی کەرکووک داوا لە خەڵک دەکات بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بە پارتی بدەن. دەشڵێت، "دەتوانین بە دەنگمان رێگری لە تەعریب بکەین".

ئەمڕۆ شەممە، 16-12-2023، محەممەد مەلا جیهاد، ئەفسەر لە فەرماندەی کەرکووکی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، کە رۆژی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 بریندارببوو، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "کەرکووک تەعریب کراوە، شارەکە ئێستا لەژێر دەستی کۆمەڵێک خەڵکی شۆڤێنیدایە. ئەمڕۆ دەتوانین بە دەنگە جوانەکانمان، ئەم زۆردارییە نەهێڵین و لەناویبەرین".

محەممەد مەلا جیهاد داوا لە هەموو پێشمەرگە، پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان دەکات "بە جوش و خڕۆشەوە بێنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە کەرکووک تەعریب نەکرێتەوە".

ئەو ئەفسەرەی فەرماندەی کەرکووک گوتی، "خەڵکی کەرکووک دەمانناسێت و دەزانێت چیمان پێ دەکرێت. لە رۆژی 16ـی ئۆکتۆبەر تا کۆتا خوولەک ماینەوە و دەمانویست مێژوو بۆ منداڵی کورد بنووسینەوە، بەڵام کۆمەڵێک دەست نەیانهێشت".

محەممەد مەلا جیهاد داواش لە خەڵکی کەرکووک دەکات "بە خوش و خڕۆشەوە بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بە لیستی 197ـی پارتی بدەن کە هەموو کاتێک بەرگری لە کەرکووک کردووە".

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 16-12-2023، کاتژمێر 07:00، پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 14 پارێزگای عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

زیاتر لە یەک ملیۆن و دوو هەزار و 393 کەس کە خۆیان لە ئاوارە، کارمەندانی کۆمیسیۆن و هێزە ئەمنییەکان دەبیننەوە، بەشداری لە هەڵبژاردنی تایبەتی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن. کۆی ژمارەی دەنگدەرانى عێراق 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788  کەسن و، دەنگدەرانی تایبەت سەدا 6.2ـی دەنگدەرانی هەڵبژاردنەکە پێکدەهێنن.

لە عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان 565 ناوەندی دەنگدان کە دوو هەزار و 367 وێستگەى دەنگدان لەخۆدەگرن؛ بۆ هەڵبژاردنی تایبەتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کراونەتەوە. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق؛ زۆرترین ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت لە بەغدان و کەمترینیشیان لە واستن.

دوای کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی تایبەت بە دەنگدان دەکوژێندرێنەوە و هەر ئامێرێک راپۆرتی تایبەتی خۆی دەردەکات. لە راپۆرتەکەدا ژمارەی ئەو کەسانەی دەنگیان داوە و ئەو کەسایەتی و لایەنانەی دەنگیان بەدەستهێناوە دەخرێتەروو؛ بەڵام لە هەر وێستگەیەکی دەنگدان جیاکردنەوەی دەنگەکان بەشێوەی دەستیش دەستپێدەکات، بۆ ئەوەی لەگەڵ هەژمارکردنی ئەلیکترۆنی بەروارد بکرێت.

هەر ئەمڕۆ دوای تەواوبوونی پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت، کارتی بایۆمەتری لەو دەنگدەرانە وەردەگیرێتەوە کە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کردووە بۆ ئەوەی نەتوانن رۆژی 18ـی ئەم مانگە بۆ هەڵبژاردنی گشتی جارێکی دیکە کارتەکە بۆ دەنگدان بەکاربهێننەوە.