لە بنکەیەکی دەنگدان تائێستا کەس دەنگی نەداوە

دیمەنێکی بەردەم بنکەی دەنگدانی (حەسەن شام دوو) - فۆتۆ: رێناس عەلی
دیمەنێکی بەردەم بنکەی دەنگدانی (حەسەن شام دوو) - فۆتۆ: رێناس عەلی

K24 – هەولێر

بەهۆی کێشەی تەکنیکی لە ئامێرەکان، لە بنکەی "حەسەن شام دوو" تائێستا هیچ دەنگدەرێک نەیتوانیوە دەنگ بدات.

رێناس عەلی پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، لە بەیانییەوە لە بنکەی دەنگدانی کەمپی "حەسەن شام دوو" کێشە لە ئامێرەکانی دەنگدان هەیە و تائێستا نەتوانراوە کێشەکە چارەسەر بکرێت، بەوهۆیەوە هیچ دەنگدەرێک نەیتوانیوە دەنگ بدات.

پێشتر دکتۆر ئەیسەر یاسین، بەڕێوەبەری بنکەکە بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو: "بنکەکەمان کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ کردووەتەوە، بەڵام کارتی بایۆمەتری دەنگدەران لەلایەن ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوە ناخوێنێتەوە، ئامێرەکانیشمان گۆڕین، بەڵام کێشەکە هەر چارەسەر نەبوو، بۆیە تا ئێستا کەس نەیتوانیوە دەنگ بدات".

گوتیشی: "پەیوەندیمان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەغدا کرد، ئەوانیش پەیوەندییان بەو کۆمپانیایەوە کردووە کە ئامێرەکانی دروستکردووە و ئێستا هەوڵی چارەسەرکردنی كێشەکە دەدرێت".

لە بنکەی "حەسن شام دوو" 485 کەس مافی دەنگیان هەیە، کە ئاوارەکانن، هەرچەندە بەرپرسانی کۆمسیۆن بە دەنگدەرانیان گوتبوو تا کاتژمێر 12 نیوەڕۆ ئەو بنکەیە دادەخەن تا کێشەکە چارەسەر دەکەن، بەڵام تائێستا ئەو کێشەیە چارەسەر نەکراوە و پرۆسەی دەنگدان لەو بنکەیە پەکیکەوتووە.

لەبارەی کێشەی ئامێرەکان  لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، کە ئەمڕۆ شەممە 16/12/2023 بەڕێوەدەچێت، لە تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردن رایگەیاند: "بەشێک لە ئامێرەکانی دەنگدان لە بنکەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەکارکەوتوون، بەهۆیەوە لە چەندین بنکەی دەنگدان پرۆسەکە پەکیکەوتووە".