کۆمیسیۆن رەتیدەکاتەوە ماوەی دەنگدانی تایبەت درێژبکرێتەوە

بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کەمپی خازر لە سنووری هەولێر (وێنە: رێناس عەلی - کوردستان24)
بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کەمپی خازر لە سنووری هەولێر (وێنە: رێناس عەلی - کوردستان24)

K24 - هەولێر

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رەتیدەکاتەوە ماوەی دەنگدانی تایبەت درێژبکرێتەوە و دەڵێت، دوای کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە پڕۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان دەستپێدەکات. 

ئەمڕۆ شەممە، 16-12-2023، عومەر ئەحمەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ماوەی هەڵبژاردنی تایبەتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان درێژناکرێتەوە، چونکە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان کاتژمێر 06:00 بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەکوژێندرێنەوە، بۆیە ناوەندەکانی دەنگدان دادەخرێن و ناتوانرێت ماوەی دەنگدانەکە درێژبکرێتەوە".

عومەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد، "دوای تەواوبوونی پڕۆسەی دەنگدان کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە، پڕۆسەی هەژمارکردنی ئەلیکترۆنی دەنگەکان لە ناوەندەکانی دەنگدان دەستپێدەکات و ئەنجامەکان بۆ ناوەندی نیشتمانی دەنێردرێن؛ دوای ئەوە پرۆسەی جیاکردنەوەی دەستیی دەنگەکان بە گوێرەی یاسای هەڵبژاردن دەستپێدەکات".

سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەش کرد، "رێژەی بەشداریی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی تایبەتی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق گەیشتووەتە سەدا 38 و پێشبینی دەکەین لە چەند کاتژمێری داهاتوودا رێژەکە بەرزببێتەوە". دووپاتیشیکردەوە، "پڕۆسەی هەڵبژاردنی تایبەت بە ئازادانە و دوور لە دەستێوەردانی لایەنەکان بەڕێوەدەچێت".

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن؛ رێژەی بەشداریکردن لە پارێزگای کەرکووک گەیشتووەتە سەدا 39، سلێمانی سەدا 45، هەولێر سەدا 46 و دهۆکیش سەدا 30ـی تێپەڕاندووە.

لەبارەی پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش؛ کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوە کردووە، لە پارێزگاکانی دیالا و نەجەف رێژەی بەشداریی لە هەڵبژاردن گەیشتووەتە سەدا 38، لە موسەننا سەدا 49 و لە پارێزگای بەسرەش گەیشتووەتە سەدا 46.

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 16-12-2023، کاتژمێر 07:00، پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 14 پارێزگای عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

زیاتر لە یەک ملیۆن و دوو هەزار و 393 کەس کە خۆیان لە ئاوارە، کارمەندانی کۆمیسیۆن و هێزە ئەمنییەکان دەبیننەوە، بەشداری لە هەڵبژاردنی تایبەتی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن. کۆی ژمارەی دەنگدەرانى عێراق 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788  کەسن و، دەنگدەرانی تایبەت سەدا 6.2ـی دەنگدەرانی هەڵبژاردنەکە پێکدەهێنن.

لە عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان 565 ناوەندی دەنگدان کە دوو هەزار و 367 وێستگەى دەنگدان لەخۆدەگرن؛ بۆ هەڵبژاردنی تایبەتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کراونەتەوە. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق؛ زۆرترین ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت لە بەغدان و کەمترینیشیان لە واستن.

دوای کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی تایبەت بە دەنگدان دەکوژێندرێنەوە و هەر ئامێرێک راپۆرتی تایبەتی خۆی دەردەکات. لە راپۆرتەکەدا ژمارەی ئەو کەسانەی دەنگیان داوە و ئەو کەسایەتی و لایەنانەی دەنگیان بەدەستهێناوە دەخرێتەروو؛ بەڵام لە هەر وێستگەیەکی دەنگدان جیاکردنەوەی دەنگەکان بەشێوەی دەستیش دەستپێدەکات، بۆ ئەوەی لەگەڵ هەژمارکردنی ئەلیکترۆنی بەروارد بکرێت.

هەر ئەمڕۆ دوای تەواوبوونی پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت، کارتی بایۆمەتری لەو دەنگدەرانە وەردەگیرێتەوە کە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کردووە بۆ ئەوەی نەتوانن رۆژی 18ـی ئەم مانگە بۆ هەڵبژاردنی گشتی جارێکی دیکە کارتەکە بۆ دەنگدان بەکاربهێننەوە.