پارتی له‌ كه‌ركووك: حەسەن مەجید یەکێکە لەو بەربژێرانەی كه‌ركووكییه‌كان ئومێدیان لەسەر هەڵچنیوە

پارتی لە کەرکووک
پارتی لە کەرکووک

K24 – هەولێر:

رێگەپێدراوی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ كه‌ركووك رایده‌گه‌یه‌نێت، ئەو لایەنەی خاکی کوردستان و کەرکووکی فرۆشت، لە ترسی بەربژێرانی پارتی، هەواڵی درۆ و چەواشەکاریی بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌. گوتیشی: "مامۆستا حەسەن مەجید یەکێکە لەو بەربژێرانەی كه‌ركووكییه‌كان ئومێدیان لەسەر هەڵچنیوە".

سامان ره‌شید رێگەپێدراوی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ كه‌ركووك، ئه‌مڕۆ (شه‌ممه‌ 16ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023) روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: "ئەو لایەنەی کەرکووکی گەیاندە دۆخی ئێستا، لەبری هۆنینەوەی تۆمەت و هەواڵی چەواشەکارانە، باشترە بە خۆیاندا بچنەوە".

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ (شەممە، 16-12-2023) کاتژمێر 07:00، پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 14 پارێزگای عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

زیاتر لە یەک ملیۆن و دوو هەزار و 393 کەس کە خۆیان لە ئاوارە، کارمەندانی کۆمیسیۆن و هێزە ئەمنییەکان دەبیننەوە، بەشداری لە هەڵبژاردنی تایبەتی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن. کۆی ژمارەی دەنگدەرانى عێراق 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788  کەسن و، دەنگدەرانی تایبەت سەدا 6.2ـی دەنگدەرانی هەڵبژاردنەکە پێکدەهێنن.

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌:

روونکردنەوەیەک بۆ کوردستانیانی شاری کەرکووک:

بەداخەوە وەک پیشەی هەمیشەییان چەند پەیجێکی بێ دایک و باوک سەر بە لایەنێکی دیاریکراو، ئەو لایەنەی کە خاکی کوردستان و کەرکووکی فرۆشت، لە ترسی بەربژێرانی پارتی و لیستی (197)، بەتایبەت سەرۆکی لیستی 197ـی پارتیمان مامۆستا حەسەن مەجید، هەواڵی درۆ و چەواشەکارییان دژی بڵاوکردۆتەوە.

لێرەوە، رایدەگەیەنین مامۆستا حەسەن مەجید سەرۆکی لیستی 197ـی پارتیمان لە کەرکووک، یەکێکە لەو بەربژێرانەی پارتیمان کە کوردستانیانی شاری کەرکووک ئومێدیان لەسەر هەڵچنیوە، بۆیە خیانەتکاران ترسیان لێ نیشتووە و ناچار کەوتوونەتە بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشەکارانە و پڕ لە تۆمەت و ژەهرڕێژی.

ئەو لایەنەی کە کەرکووکی گەیاندە ئەم دۆخەی ئێستا، لەبری هۆنینەوەی تۆمەت و هەواڵی چەواشەکارانە، باشترە بە خۆیاندا بچنەوە عیبرەت لە رابردوویان وەربگرن.

سامان رەشید

رێگەپێدراوی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان