گۆرانیبێژێکی باکووری کوردستان خۆی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کاندید کردووە

کۆڵان بە کۆڵان دەگەڕێت و داوای دەنگی خەڵک دەکات
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

عارف گۆکچە خەڵکی قەرسی باکووری کوردستانە و هۆزانڤانە، خۆی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و ئیدارە خۆجێییەکانی 31ـی ئاداری ساڵی داهاتووی تورکیا کاندید کردووە.

ناوی عارف گۆکچەیە و کاندیدە بۆ موختاریی گەڕەکی ئایدنلک ئێڤلەری قەرسی باکووری کوردستان. بەشێکی کاندیدان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، پۆستەر هەڵدەواسن، بەشێکی دیکەشیان گرتە ڤیدیۆ بڵاودەکەنەوە، بەڵام عارف پێچەوانەی هەموویان لە ڕێگەی گۆرانی گوتن بانگەشە بۆ خۆی دەکات.

ئەو گۆرانیبێژەی باکووری کوردستان دەڵێت، "تەواوی تەمەنم لەگەڵ سازەکەم بردووەتە سەر. بیرم کردەوە لەکاتی داواکردنی دەنگی هاووڵاتییانی گەڕەکەکەم ئەگەر ساز بژەنم و گۆرانی بڵێم باشترە. دەمەویت لەو رێگەیەوە بچمە نێو دڵی خەڵک".

هەرچەندە هۆزانڤانە؛ بەڵام باش لە سیاسەت گەیشتووە و تێکەڵی هونەری کردووە، بچێتە پێش دەرگای هەر ماڵێک، گۆرانییەک بەسەر خاوەن ماڵەکە دەڵێت.

رەمزی ئوبەی، دانیشتووی گەڕەکەیە و دەڵێت، "پێشتر بانگەشەی هەڵبژاردنی لەو جۆرەم نەبینیوە. خۆی و سازەکەی هاتوون، من پێم خۆشە بەو شێوەیە بانگەشە دەکات. رێگەیەکی جیاوازی دۆزیوەتەوە و خەڵکیش پێیان خۆشە".  

کولتووری پیاهەڵدان و هۆزانڤانی لە تورکیا و باکووری کوردستان تا ئێستا ماوە، عارف دەیەوێت لەرێگەی ئەوەوە بتوانێت دڵی دەنگدەرانی رابگرێت بۆ ئەوەی دەنگی پێبدەن.