ئه‌م مانگه‌ كارمه‌ندانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ مووچه‌كانیان لە رێگەی هه‌ژماری من وەرگرت

K24 – هەولێر:

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌م مانگه‌ كارمه‌ندانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ مووچه‌كانیان لە رێگەی "هه‌ژماری من"ـه‌وه‌ وەرگرتووە.

به‌ گوێره‌ی كورته‌ ڤیدیۆیه‌ك كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكردووه‌ته‌وه، ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ فه‌رمانبه‌رانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ مووچه‌كانیان لە ڕێگەی پڕۆژه‌ی هه‌ژماری من و ئامێری پارە راکێشان ATM وەرگرت و تێیدا ئه‌فسه‌رێكی ژمێریاری له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاند، ئێمه‌ وه‌كو ئه‌فسه‌ر و كارمه‌ندانی ژمێریاری سه‌ربازی، یه‌كه‌مین مانگه‌ كارته‌كانمان وه‌رگرته‌وه‌، مووچه‌كانمان كه‌وته‌ سه‌ر ئه‌و پرۆسه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی به‌ناوی هه‌ژماری من ده‌ستیپێكردووه‌.

له‌ میانه‌ی كورته‌ ڤیدیۆكه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌فسه‌رێكی دیكه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌ڵێت، شه‌و رۆژ له‌ رێگه‌ی ATMـه‌كان ده‌توانین پاره‌ بۆ خۆمان رابكێشین.

یه‌كێك له‌ ئه‌فسه‌ره‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌ڵێت، پرۆسه‌كه‌ زۆر باش و سه‌ركه‌وتووه‌.

به‌ گوێره‌ی داتایه‌ك كه‌ فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رۆژی 5ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023 بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، تاكو ئێستا نزیکەی 175 هەزار فەرمانبەری هه‌رێمی كوردستان لە پڕۆژەی (هەژماری من) تۆمار کراون.

هەژماری من

دەستپێشخەرییەکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی بانکی و بەدیجیتاڵکردنی پارەدان بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر، کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەمەش پشتبەستن بە مامەڵەی کاش کەمدەکاتەوە، کارایی حکومەت و شەفافیەتیش زیاتردەکات.

بەهۆی دەستپێشخەریی "هەژماری من"ـه‌وه‌ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکان، بە شێوەیەکی پارێزراو و شەفاف و گونجاو لە رێگەی تۆڕێک لە ئامێری راکێشانی پارەوە (ATM) کە زیاتر لە هەزار بنکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، دەتوانن دەستیان بە مووچەکانیان بگات.

لەگەڵ ئەوەشدا، کاردەکرێت لەسەر دابینکردنی 100 هەزار ئامێری خوێندنەوەی کارتی بانکی و دابەشکردنی بەسەر شوێن و ناوەندە بازرگانییەکان بۆ ئەوەی مامەڵەی کڕین بە کارتی بانکی بۆ هاووڵاتییان و بەشداربووانی پرۆژەی هەژماری بانکی ئاسان بکات.

هەروەها ئەم پڕۆژەیە ئاسانکاری دەکات تەواوی بەشداربووانی پرۆژەکە بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکان، لەوانە قەرز، پاشەکەوتکردن و پارەدانی دیجیتاڵی.

راگەیاندنی پرۆژەی هەژماری من

لە راگەیاندنی ئەو پرۆژەیە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، هەژماری من؛ رێگایەکی پارێزراو و شەفاف و گونجاو بۆ فەرمانبەرانی حکومەت و خانەنشینان دەڕەخسێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن لە ڕێی تۆڕێک لە ئامێری ڕاکێشانی پارەوە (ATM)، مووچەکانیان وەربگرن کە لە سەرووی هەزار شوێن لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا بەردەست دەبن.

هەروەها لە رێگەی هەژماری منەوە، فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، دەستیان بە خزمەتگوزارییە مۆدێرنەکانی بانک دەگات؛ لەوانە قەرز، توانای پاشەکەوتکردن، حەواڵەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، توانستی پارە راکێشانی نێودەوڵەتی و پارەدانی ئۆنڵاین و دیجیتاڵی.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی راشیگەیاند، هەژماری من؛ یەکێکە لەو دەستپێشخەرییە درێژخایەنانەی کابینەی نۆیەم، کە بۆ بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و زیادکردنی خۆشگوزەرانیی هاووڵاتییان و ئاسانکاری بۆ بازرگانی لە کوردستاندا دەیخاتەڕوو.

سوودەکانی پرۆژەی هەژماری من

پڕۆژەکە چەندین سوودی جۆراوجۆر پێشکەش بە هاووڵاتییان و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەکات، کە ئاسنکاری لە مامەڵە داراییەکان و سەلامەتی هەژمارە بانکییەکان وەک بنەمای سەرەکی ئەو پرۆژەیە دانراوە.

 لە سوودەکانی هەژماری من بۆ هاووڵاتییان، پێدانی مووچەی فەرمانبەران بە شێوەیەکی رێکوپێک و لە کاتی خۆیدا بەبێ بوونی نۆرە و کاتی زۆر، هەروەها توانای دەستڕاگەیشتن بە پارە لە هەر شوێنێکدا بە بەکارهێنانی بانکی مۆبایل/ئینتەرنێت بەبێ سەردانی لقەکان.

هاوکات مەترسیی بردنی مووچە و پاشەکەوت ناهێڵێت و  دەستڕاگەیشتن بە بەرهەمە داراییەکان و دروستکردنی داهاتی زیادە لە دانانی پارەی نەختینەیی ناکارا لە پاشەکەوتدا و کڕینی کاڵا یان خزمەتگوزاری، یان پارەدان بە خەرجییە کەسییەکان لە رێی قەرزەوە و دەستڕاگەیشتن بە پارەدانی دیجیتاڵی ئاسان دەکات.

لە سوودە ئابوورییەکانی پرۆژەی هەژماری من، بەهۆی بەشداریکردنی هاووڵاتییان لە کەرتی بانکی دا هەنگاو بە هەنگاو زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆیی لێدەکەوێتەوە و خەرجییەکانی بەکاربەرانیش زیاتر دەکات بەهۆی زیادبوونی قەرزی تاکەکەسی.

رەخساندنی هەلی کاری زیاتر لە کەرتی بانکیدا، لەپێناو ڕایی کردنی مامەڵە و پێداویستی فەرمانبەر و هاووڵاتییان، کەمکردنەوەی پشتبەستن بە مامەڵەی کاش و دەستپێکردنی پارەدانی دیجیتاڵی بۆ خزمەتگوزارییە گشتیەکان دەهێنێتە کایەوە.

لەلایەن خۆیەوە، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی (23ـی ئایاری 2023)، لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیی پرۆژەی هەژماری من لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە تەواوبوونی پرۆژەکە، کەرتی بانکی لە هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری و پێشکەوتنی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت و فەرمانبەران و مووچەخۆرانیش سوودمەندی سەرەکی دەبن لەم پرۆژەیە و چەندین خزمەتگوزاری و کارئاسانیان بۆ دەستەبەر دەکرێت.