ئەوانەی نەیانتوانی لە دەنگدانی تایبەت دەنگبدەن، داوا دەکەن لە دەنگدانی گشتی مافی دەنگدانیان پێبدەن

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق

K24 - هەولێر :

رۆژی(16 ی کانوونی یەکەم)، بەھۆی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و کارتی بایۆمەتریان، ژمارەیەک  دەنگدەر لە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق جگەلە( هەرێمی کوردستان) نەیانتوانی دەنگ بدەن، بۆیە داوا لە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراق دەکەن کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکات تاکو بتوانن لە دەنگدانی گشتی دەنگ بدەن .

لەبارەی کێشەی ئەو دەنگدەرانە، لایەنە سیاسیەکان داوادەکە  کۆمیسیۆن کێشە تەکنیکیەکان چارەسەر بکات بۆ ئەوەی لە ھەڵبژاردنی گشتی دەنگ بدەن.

ئاسۆ کاکەمەند پێشمەرگەی فەرماندەی گەرمیان بە کوردستان24 ی گوت: زیاتر لە سێجار چوینەتە ژوورەوە، بە هەر دە پەنجەمان هەوڵماندا پەنجەمۆر بکەین، ئامێرەکان نەیاندەخوێندەوە، دەیانگوت ئێوە پەنجەمۆرتان دەرناچێت، دەشڵێ: هەستێکی زۆر ناخۆشم هەیە، چونکە ئێمە کۆمەڵێکین نەمانتوانی دەنگ بدەین.

لە رۆژی دەنگدانی تایبەت دەرکەوت کۆمیسیۆن باش خۆی بۆ هەڵبژاردن ئامادە نەکردووە، نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران و کارتی بایۆمەتری، هەزاران هاووڵاتی لە مافی دەنگدان بێبەشکرد، بەشێکی دیکەی کێشەی دەنگدانی تایبەت ئەوەیە، ئامێرەکان هەژماری ئەلیکترۆنی بۆ زۆربەی بنکەکان نەکردووە، بڕیارە دەنگەکان بە دەستی هەژمار بکرێن، لاینە سیاسیەکانیش داوا لە کۆمیسیۆن دەکەن ئەو کێشانە لە دەنگدانی گشتی دووبارە نەبنەوە.

فریاد ئەنوەر، ئەندامی بەشی هەڵبژاردنی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی بۆ کوردستان 24 گوتی: ئومێد دەکەین نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری ئەو دەنگدەرانە کێشەیەکی تەکنیکی بێت، بەڵام پێمان وا نییە ئەوە کێشەی تەکنیکی بێت، گوتیشی: ئێمە لەگەڵ کۆمیسیۆن لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکەین.

بەشێک لە دەنگدەران کە نەیانتوانی دەنگ بدەن، ئەوانەشی دەنگیان داوە تاوەکو ئێستا ئامێرەکان هەژماری ئەلیکترۆنیان بۆ نەکراوە، دەنگدەران دەڵێن: کۆمیسیۆن لە دوو ملیۆن دەنگدەر ئەو هەموو کێشەی هەبوو، دەبێ لە دەنگدانی گشتیی چەند کێشەی هەبێت، داواش لە کۆمیسیۆن دەکەن خۆی باشتر بۆ هەڵبژاردنی گشتی ئامادە بکەن.

کارزان حەیدەر