بوونی كێشهی تهكنیكی له ئامێرهكان لە دهنگدانی تایبەت پشتڕاست كرایهوه
K24 – هەولێر:
کۆمپانیای بەرپرس لە ئامێرەکانی دەنگدان بوونی کێشەیەکی تەکنیکی لە ئامێرەکان لە رۆژی دەنگدانی تایبەت پشتڕاست دەکاتەوە.
بە گوێرەی نووسراوێکی کۆمپانیایی میرۆی کۆری بۆ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە دەنگدانی تایبەتی رۆژی 16ی ئەم مانگە، کێشەیەکی تەکنیکی لە ئامێرەکانی دەنگدان هەبووە.
نووسراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بەهۆی ئەو کێشە تەکنیکییەوە ناردنی داتا لە هەندێک وێستگەی دەنگدان شکستی هێناوە. کۆمپانیاکە جەختی لەوەش کردووتەوە، کێشەکە چارەسەکراوە و لە دەنگدانی گشتی هیچ کێشەیەکی هاوشێوە درووست نابێت.
لە دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، بەهۆی بوونی کێشە لە ئامێرەکانی دەنگدان، لە بەشێک لە بنکەکانی دەنگدانی تایبەت لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و کەرکووک داتاکان نەگوازراونەتەوە بۆ بنکەی سەرەکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە بەغدا.
رۆژی یەکشەممە (17ـی کانوونی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بە پشتبەستن بە بڕگەی (د) لە ماددەی (10/یەکەم) لە یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 (هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پارێزگاکان و قەزاکان، ژمارە (12)ـی ساڵی 2018) کە ئاماژە بەوە دەدات، لە ئەگەری رەوانەنەکردنی ئەنجامەکان لەلایەن ئامێری خێراکردنی ئەنجامەکان لە رێگەی ناوەندی گواستنەوە بۆ ناوەندی ریزکردنی ئەنجامەکان بۆ ماوەی شەش کاتژمێر، ئەوە سندوقەکان دەگوازرێنەوە بۆ ناوەندی وردبینی لە پارێزگا.
رۆژی شەممە (16ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان و ئاوارەکان بەڕێوەچوو، کە ملیۆنێک و 50 هەزار و 653 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و 600 بنکەی دەنگدانیان بۆ ئامادەکرابوو کە دوو هەزار و 477 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.
کاتژمێر 07:00ـی بەیانی، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 15 پارێزگای عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام بوو. لەلایەن خۆیەوە، كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ههڵبژاردنهكانی عێراق رایگەیاند، رێژهی بهشداریكردن له دهنگدانی تایبهتی ههڵبژاردنی ئهنجوومهنی پارێزگاكانی زیاتر زیاتر له 67% بووه، بەشێوەیەک ژمارهی دهنگدهران زیاتر له 706 ههزار کەس بوو.
سبهی دووشەممە (18ـی کانوونی یەکەمی 2023) كاتژمێر حهوتی بهیانی پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەدەچێت و کورد لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، دیالە، سەڵاحەددین و بەغدا بەشدارە و 15 ملیۆن و 150 هەزار دەنگدەر مافی دهنگدانیان ههیه.