شارەزایەکی هەڵبژاردن: دەرفەتێکی مێژوویی هاتووەتە بەردەم کورد بەتایبەتی لە پارێزگای کەرکووک

K24 - هەولێر

شارەزایەکی هەڵبژاردن رایگەیاند، ئەم هەڵبژاردنە بۆ گەلی کورد گرنگە، بەتایبەت لەناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بۆیە ئێستا دەرفەتێکی مێژوویی هاتووەتە بەردەم کورد بەتایبەتی لە پارێزگای کەرکووک.

د. ئارام نەجمەدین، شارەزای هەڵبژاردن بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەم هەڵبژاردنە بۆ گەلی کورد گرنگە، بەتایبەت لەناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لەکەرکووک لە ساڵی 2005ەوە هەڵبژاردن نەکراوە، هەروەها بەهۆی رێژەی دانیشتوانی کورد لە کەرکووک، دەبوایە کورد بە هێزەوە پیادەی دەسەڵاتی لە کەرکووک بکردبوایە، بەڵام لە دوای 2017ەوە لە بەر هەندێک هۆکاری سیاسی کورد لەرووی ئیدارییەوە پەراوێز خراوە، بۆیە ئێستا دەرفەتێکی مێژوویی هاتووەتە بەردەم کورد بەتایبەتی لە پارێزگای کەرکووک.

گوتیشی: خاڵێکی گرنگ هەیە لەداهاتوو کاری لەسەر دەکرێت ئەویش پەیوەندی بە سەرژمێری کردنی دانیشتوانی عێراقەوە هەیە، ئەم پرۆسەیەش بەبەردەوامی کاری لەسەر دەکرێت بەڵام نەچووەتە بواری جێ بەجێکردنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوگرفتەی لە رۆژی دەنگدانی تایبەت هەبوو پەیوەندی بە ژماردن و لێک جیاکردنەوەی دەنگەکان هەبوو بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی لەناو سندوقەکانی دەنگدان، ئەمەش پرسیارێکی کە تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک نەگەیشتووەتە وەڵام کە هۆکاری ئەو گرفتە چیبووە، هیواداریشم ئەو گرفتە نەبێتە هۆی ساردبوونەوەی دەنگدەر.

کاتژمێر 7:00ـی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 18/12/2023، بنکەکانی دەنگدان کرانەوە و پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد.

لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س لە هەردوو دەنگدانی گشتی و تایبەت مافی ده‌نگدانیان هەیە، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند، لە هەڵبژاردنی گشتی 871 هەزار کەس لە کەرکووک مافی دەنگدانیان هەیە، 318 بنکە و هەزار و 898 وێستگەی دەنگدان هەن، 10 هاوپەیمانی و پێنج پارتی سیاسی و سێ کاندیدی سەربەخۆ بەشداریان لە هەڵبژاردن کردووە و 248 کاندید کێبڕکێ لەسەر 16 کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەکەن.