بەڕێوەبەری ئاسایشی کەرکووک: داوا لە خەڵکی کەرکووک دەکەم دەنگی خۆیان بدەن

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی کەرکووک رایگەیاند، داوا لە خەڵکی کەرکووک و گشت لایەنەکان دەکەم بێنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆیان بدەن، چونکە ئەمڕۆ رۆژێکی چارەنووسسازە.

لیوا ئیدریس رەفعەت، بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، دەنگدانەکە لەسەرخۆ بەڕێوەدەچێت، زۆر رێز لە هاووڵاتییان دەگیرێت، تاکو ئێستاش هیچ گرفتێک رووینەداوە لێرە.

گوتیشی: "پەیامم بۆ خەڵکی شاری کەرکووک بەتایبەت نەتەوەی کورد هەیە و داوایان لێدەکەم بێنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆیان بدەن، چونکە ئەمڕۆ رۆژێکی چارەنووسسازە، بەبێ هیچ جیاوازییەک لە رەنگەکان داوادەکەم گشت لایەکیان بێن بۆ دەنگدان و دەنگی خۆیان بدەن، دەنگی ئەوان چارەنووسی ئیدارەی ئەم شارە دیاری دەکات".

راشیگەیاند، ئەمڕۆ دوای داخستنی بنکەکان، بەدەنگەکانی ئەوان گۆڕانکاری بەسەر کورسییەکاندا دێت بۆ نەتەوەی کورد، پێویستە کوردەکان بچنە سەر سندوقەکان و دەنگ بدەن بە لیستە کوردییەکان، بۆ ئەوەی ئیدارەی ئەم شارە بگۆڕدرێ.

کاتژمێر 7:00ـی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 18/12/2023، پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد، کە زیاتر لە 15 ملیۆن کەس لە هەڵبژاردنی گشتی مافی دەنگدانیان هەیە.