رێبوار تاڵەبانی: ئەنجومەنی پارێزگا دەسەڵاتی دانان و لابردنی پارێزگار و جێگرەکەی هەیە

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، یاسای هەڵبژاردنەکان 18 دەسەڵاتی داوەتە ئەنجومەنی پارێزگا، کە دەتوانێت پارێزگار و جێگرەکەی دەستنیشان بکات یاخود لایانبدات.

رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، لەمیانی بەشداریکردنی گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 گوتی: "کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان، خەباتی سەد ساڵەی هەموو کوردە سیمای هەرچوار پارچەی کوردستانە، لەبەر ئەوە یەک کورد مابێت لەو ناوچانە ئەو ناوچەیە کوردستانییە، هەوڵ و خەباتیش ناوەستێت، 30 ساڵی رابردوو رژێمی بەعس هەموو هەوڵێکی سڕینەوەی ناسنامەی گەلی کورد دا، بەڵام لە دوای ساڵی 2003 خەڵکی سەلماندی خەونی نەیارانی گەلی کورد بنێنە ژێر گڵەوە، بۆ بەدەستهێنانی ئامانج و خەباتی کورد".

گوتیشی: "18ساڵە هڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک نەکراوە، بەڵام 16ـی ئۆکتۆبەر ئەزموونێکی تاڵ مێژووییەکی تاڵی هێنایەوە بیر کەرکووکییەکان و ناوچە کەرکووکییەکان، ئەوەی بەدەستمانەوەبێت، نەهێشتنی ئەو عەسکەرتاریەتە و نەهێشتنی هەوڵەکانی سڕینەوەی ناسنامەمانە، کە بەکاری دەهێنین، ئەوە نەیاران بە 100 ساڵ نەیانتوانی جێبەجێی بکەن، ناتوانن بە 60 ساڵی دیکەش جێبەجێ بکەن".

رێبوار تاڵەبانی دەڵێت: "یاسای ئەنجومەن و یاسای هەڵبژاردنەکان 18 دەسەڵاتی داوەتە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، کەمتر یاخود زیاتر دەسەڵاتیشی داوەتە پارێزگار بۆ جێبەجێکردنی ئیداری، 18 دەسەڵاتەکەی ئەنجومەنی پارێزگا لە گرنگترینیان پارێزگار و جێگرەکانی دەسنیشان دەکات و لە هەمانکاتدا دەسەڵاتی لابردنیشیان دیاری دەکات، لە گرنگترین خاڵێکی دیکەیشی تەشریحاتی ناوخۆیی دیاری دەکات کە زۆر گرنگە".

راشیگەیاند: "ئێمە ئەو ئەزموونەمان وەرگرتووە لە رابردوو، لە ساڵی 2016، نوری مالیکی، هەوڵی ئەوەیدا ئۆپەراسیۆنی دیجلە بێنێتە ناو شاری کەرکووک، کە ئەوکاتە لە دیالە بوو ئەو ئۆپەراسیۆنە، بە مەبەستی رووبەڕوو بوونەوەی داعش، بەڵام ئەنجومەنی پارێزگا بەکۆی دەنگ نەیانهێشت، ئەگەر ئەم دەسەڵاتە بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بتوانین نوێنەرایەتی راستی خۆمان بکەین دەتوانین، ئەوەی بە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق نەکرا لە 13 خاڵەکە، ئەنجومەن دەتوانێت بیکات".

کاتژمێر 7:00ـی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 18/12/2023، پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد، کە زیاتر لە 15 ملیۆن کەس لە هەڵبژاردنی گشتی مافی دەنگدانیان هەیە.