عەبدولخالق تەڵعەت: بۆ هیچ بازگەیەک نییە هاووڵاتی دەنگدەر بگەڕێنێتەوە

K24  - هەولێر

نوێنەری هەرێمی كوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا لە هیچ بازگەیەک گرفت دروست نەبووە و هیچ بازگەیەک بۆی نییە هاووڵاتیی دەنگدەر بگەڕێننەوە.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری هەرێمی كوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی عێراق بە كوردستان24ـی گوت: "رێژەی بەشداریکردن تائێستا لە سەروی 25%ـە لە زۆربەی شوێنەکانی عێراق، ئەوەی لای ئێمە گرنگە، شارەکانی مووسڵ و کەرکووک و دیالەیە، کە پەیوەستن بە ماددەی 140ی هاووڵاتییانی کورد لەو پارێزگایانە دەنگ دەدەن".

گوتیشی: "تا ئێستا لە بازگەکان هیچ گرفتێک نییە، خەڵک بە ئازادانە دەتوانێت دەنگبدات، کاندیدەکان هیچ گرفتێکیان بۆ دروست نەبووە، تەنیا لە زوومار و بەرتلە باج لە بریکارەکان وەرگیراوە تائێستا هۆکارەکەی نەزانراوە، بەڵام لە هەوڵی چارەسەرکردنین، داوا لە بریکارەکانی کەرکووک و مووسڵ دەکەین، بەپێی یاساکانی هەڵبژاردنەکان هەڵسوکەوت بکەن، بۆ ئەوەی ئێمە هیچ بەڵگەیەک نەدەین بەدەست دەزگا ئەمنییەکانی ئەو شوێنانە، ببێتە هۆی ئەوەی بریکارەکانمان لەو شوێنانە دوور بخرێنەوە کاریگەری لەسەر دەنگەکانمان دروست بکات".

لیوا عەبدولخالق دەشڵێت: "ئەو هاووڵاتییانەی کە لە سلێمانی، هەولێر و کەرکووک دەچن دەنگ دەدەن زیاتر هاوکارمان بن، بۆ ئەوەی بتوانن لەو شوێنانە دەنگبدەن و نەبێتە هۆی ئەوەی دروست بوونی هیچ کێشەیەک لەو ناوچانە، تائێستا لە بازگەکان لێپرسینەوە هەیە بەڵام هیچ سکاڵایەک تۆمار نەکراوە، بەڵام لە هیچ بازگەیەک بۆیان نییە هاووڵاتیی دەنگدەر بگەڕێننەوە، رێگە نەدەن هاووڵاتییان هاتووچۆ بکەن".

کاتژمێر 7:00ـی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 18/12/2023، پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد، کە زیاتر لە 15 ملیۆن کەس لە هەڵبژاردنی گشتی مافی دەنگدانیان هەیە.