سەردانیکردنی سزادراوانی چاکسازی گەورانی هەولێر راگیرا

چاکسازی گەوران لە هەولێر
چاکسازی گەوران لە هەولێر

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەوران لە هەولێر رایگەیاند، بە مەبەستی پارێزی و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی پەتای وەرزی، بۆ ماوەی 30 رۆژ سەردانی سزادراوانی هەولێر راگیرا.

لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی دەست کوردستان24 کەوتووە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، داوا لە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەوران لە هەولێر دەکات، "بە مەبەستی پارێزی زیاتر و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی پەتای وەرزی، بۆ ئەوەی لە هەبوونی هەر حاڵەتێک رێککاری بگیرێتەبەر، لە 10/12/2023، بۆ ماوەی 30 رۆژ سەردانی سزادراوان رابگیرێت و لە بەرواری دەرچوونی نووسراوەکەش کاری پێبکرێت".

لای خۆیەوە د. پێشەوا ساڵح، بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستی چاکسازی گەوران لە هەولێر، بە کوردستان24ـی گوت: "هەتا ئێستا هیچ ڤایرۆس و پەتایەک لەناو سزادراوان بڵاونەبووەتەوە، بەڵام پەتایەکی وەرزی لە دەرەوە چاکسازیدا هەیە، نامانەوێت سزادراوان تووشی ئەو پەتایە بن، ئێمە لای خۆمانەوە پێشگیری لەو نووسراوە دەکەین بۆ ئەوەی لەناو سزادراوان هیچ جۆرە پەتایەک بڵاو نەبێتەوە".

گوتیشی: "دوو هەفتە لەمەوبەر کارمەندانی چاکسازی و سزادراوان هەمووی دەرزی کوتانیان دژ بەو پەتایە وەرگرتووە، بۆ ئەوەی پێش لەو پەتایە بگرین کە ساڵانە هاووڵاتییان تووشی دەبن لەناو زینداندا بڵاو نەبێتەوە، وەک خۆپارێزییەک سەردانی سزادراو لە ئێستادا بۆ ماوەی 30 رۆژ سەردانی راگیراوە، بۆ ئەوەی هەرچییەک بوو رێگری لێبکەین".

ئا: لاڤین عومەر