پارتی: هەزاران دەنگدەرمان نەیانتوانی لە کەرکووک دەنگ بدەن

پارتی دەڵێت، هەزاران دەنگدەری نەیانتوانیوە لە کەرکووک دەنگ بدەن
پارتی دەڵێت، هەزاران دەنگدەری نەیانتوانیوە لە کەرکووک دەنگ بدەن

K24 - هەولێر

رێگەپێدراوی پارتی لە کەرکووک دەڵێت، تێبینی زۆریان "لەسەر کۆی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک هەیە، چونکە هەزاران دەنگدەرمان لەدەنگدان بێبەشبوون".

بۆ هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە دوێنێ دووشەممە، 18-12-2023 بەڕێوەچوو؛ 318 ناوەند و هەزار و 898 وێستگەی دەنگدان بەرووی دەنگدەراندا کرابوونەوە. 813 هەزار و 590 مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکەدا هەبوو و، 254 کەس (187 پیاو و 67 ئافرەت) خۆیان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکە کاندیدکردبوو.

بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رێژەی بەشداریی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە سەدا 65 بووە. تاوەکو کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە کۆی 1898 وێستگەی دەنگدان لە سنووری پارێزگای کەرکووک؛ دەنگەکانی 1417 وێستگە جیاکراونەتەوە (دەنگەکانی 481 وێستگە جیانەکراونەتەوە).

لەو رێژەیە دەنگەکانی بەشێک لە پارتە کوردستانییەکان بەم شێوەیەی خوارەوەیە: 

- پارتی دیموکراتی کوردستان: 44 هەزار و 798 دەنگ

- یەکێتیی نیشتمانی کوردستان: 132 هەزار و 481 دەنگ

- جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 23 هەزار و 548 دەنگ

ئەم رێژەیەی دەنگی پارتە کوردستانییەکان کە لەسەرەوە ئاماژەی پێ دراوە، تەنها دەنگەکانی هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکن و، ژمارەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی تایبەتی ئەنجوومەنی پارێزگاکە تا ئێستا لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە رانەگەیەندراوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 19-12-2023، سامان رەشید، رێگەپێدراوی پارتی لە کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، "تێبینی زۆرمان لەسەر کۆی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک هەبوو لە هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتی. لە هەردوو دەنگدانەکە سکاڵای خۆمان تۆمارکردووە".

سەر لە بەیانیی رۆژی دووشەممە، 18-12-2023، هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 15 پارێزگای عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و، تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام بوو.

سامان رەشید گوتی، هەزاران دەنگی پارتی لە کەرکووک فەوتاون و بەشێکی زۆری دەنگدەرانیان نەیانتوانی دەنگ بدەن؛ "دوێنێ تێبینی ئەوەمان کرد کە لە دوای کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ، ئامێرەکانی دەنگدان کاریان نەدەکرد و بەهۆیەوە دەیان هەزار دەنگدەرمان لە کەرکووک لە دەنگدان بێبەشبوون و دواتر پڕۆسەکە زۆر بە سستی بەڕێوەچوو".

ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەرکی هەڵبژاردنى پارێزگار، چاودێکریکردنى حکومەتى خۆجێیی پارێزگاکانیان و پەسندکردنی پارەى پڕۆژەکانی پارێزگاکانیان لە ئەستۆ دەگرێت.

رێگەپێدراوی پارتی لە کەرکووک داوا لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات، "کۆمیسیۆن بە شێوەیەکی دادپەروارانە و بێلایەنانە کارەکانی خۆی ئەنجام بدات و چاوبخشێنێت بەو سکاڵایانەی تۆمارمانکردوون".