دوای هۆشدارییەکانی رووسیا فینلاند و ئەمەریکا رێککەوتنێکی سەربازییان واژۆ کرد

K24 - هەولێر

فینلاند و ئەمەریکا رێککەوتنێکیان واژۆ کرد بۆ بەرزکردنەوەی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات، ئەمەش رۆژێک دوای هۆشدارییەکەی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا  بۆ ئەو وڵاتە دێت لە وەڵامی پەیوەندیکردنی بە ناتۆوە.

 لە کاتی واژۆکردنی رێککەوتنەکەدا لەگەل وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتونی بلینکن، لە واشنتن وەزیری فینلاند، ئیلێنا ڤاڵتۆنێن، رایگەیاند، چاوەڕوانی ئەوە مەکەن ئەمەریکا دەست بەسەر بەرگریدا بگرێت"، بەڵام ئەم رێکەوتنە توانای کارکردنمان بەیەکەوە لە هەموو بارودۆخەکاندا زۆر باشتر دەکات.

 لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "فینلاند لە هەموو کەسێک باشتر دەزانێت چ مەترسییەک هەیە بۆ ئۆکراینییەکان".

 ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە ساڵی 1939 فینلەندییەکان رووبەڕووی هێرشی رووسیا بوونەتەوە و نیشانیاندا کە وڵاتێکی ئازاد دەتوانێت بەرگری بەهێز بکات.

 لای خۆیەوە، ئیلێنا ڤاڵتۆنێن، وەزیری دەرەوەی فینلاند دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە لە واشنتن، تۆمەتەکانی هێلسنکی لە دژی مۆسکۆ باسکردەوە، کە رووسیا هەوڵدەدات دۆسیەی کۆچبەری بقۆزێتەوە و خەڵک لە سنووری رووسیاوە بۆ فینلاند بنێرێت.

 لە میانی ڕێوڕەسمی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەدا، بلینکن و ڤاڵتۆنن پشتیوانی وڵاتەکانیان بۆ پەیوەستبوونی سوید بە ناتۆ دووپاتکردەوە.