کۆمیسیۆن ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی راگەیاند

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق

K24 – هەولێر:

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی بڵاوکردەوە و کورد لە کەرکووک زۆرینەی دەنگی بەدەستهێناوە.

رۆژی سێشەممە (19ـی کانوونی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی بەرایی لایەنەکانی لە ئەنجوومەنی پارێزگاکان راگەیاند و لە کەرکووک لایەنە کوردییەکان زۆرینەی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.

بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک (46749) دەنگی بەدەستهێناوە.

هەروەها هاوپەیمانی کەرکووک هێز و ئیرادەمانە زۆرترین دەنگی لەسەر ئاستی پارێزگای کەرکووک بەدەستهێناوە کە بریتییە لە (139373) دەنگ.

لە پێکهاتەی عەرەبی لە کەرکووک، هاوپەیمانی عروبە (46065) دەنگی بەدەستهێناوە و هاوپەیمانی عەرەبیش (98174) دەنگی و هاوپەیمانی قیادە (59430) دەنگی بەدەستهێناوە.

لە پێکهاتەی تورکمانیش لیستی بەرەی تورکمانی (72281) دەنگی بەدەستهێناوە، لیستی هاوپەیمانی "کرکوکنا" (21114) دەنگی بەدەستهێناوە.

لەسەر ئاستی لیستە کوردییەکانی دیکەش، لیستی نەوەی نوێ (24620) دەنگی بەدەستهێناوە و هەریەکە لە هاوپەیمانی مەشخەڵی کەرکووک (یەکگرتوو و کۆمەڵ) ژمارەی دەنگەکانیان بریتییە لە (6655) دەنگ و لیستی سۆسیال دیموکراتی کوردستانیش (377) دەنگەی بەدەستهێناوە.

رۆژی (16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو، کە بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریکردن لەو پارێزگایە گەیشتە 66%، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی کێشە لە ئامێرەکانی دەنگدان و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و کارتی دەنگدان، هەزاران هاووڵاتی کورد لەو شارە بێبەشبوون لە دەنگدان.

دوای 18 ساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کەرکووک بەڕێوەچوو، کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی 2005 و رووداوەکانی 16ـی ئۆکتبەرەوە، بووە یەکەم هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە شارەکە. هەرچەندە هەوڵ بۆ دواخستنی دەدرا بەڵام رۆژی سێشەممە (12ـی کانوونی یەکەمی 2023) دادگای باڵای فیدراڵی ئەو دوو سکاڵایەی رەتکردەوە کە داوایان کردبوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوابخرێت.

هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی کرا، بۆ ئەم مەبەستەش لە پارێزگای کەرکووک، 11 هەزار و 56 فەرمانبەر سەرپەرشتی پرۆسەی دەنگدانیان کرد لە 344 بنکەی دەنگدان کە لە دوو هەزار و 33 وێستگەی دەنگدان پێکهاتووە، بەشێوەیەک؛ بۆ دەنگدانی گشتی 318 بنکەی دەنگدان و هەزار و  898 وێستگەی دەنگدان ئامادەکرا. بۆ دەنگدانی تایبەتیش 26 بنکەی دەنگدان و 135 وێستگەی دەنگدان پرۆسەکەیان تێدا بەڕێوەچوو.

ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەگوێرەی یاسای نوێی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە 15 کورسی گشتی و یەک کورسی کۆتای کریستیانەکان پێکهاتووە و کورد لە کەرکووک چاوی لەوەیە زیاتر لە نیوەی کورسییەکان بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت پارێزگارێک بۆ شارەکە هەڵبژێرێت.

دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بریتییە لە هەڵبژاردنی پارێزگار و جێگرەکانی و بەرپرسانی ئیداری، هاوکات دەسەڵاتی لادان و لێپرسینەوەشی لە کارەکانیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا، چاودێریکردن و پەسەندکردنی پلانی پرۆژەکان لەسەر ئاستی پارێزگاکان بەشێکی دیکەیە لە ئەرک و دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.