لە کابینەی نۆیەم 1849 بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

بەپێی ئامارێکی بەڕێوبەرایەتی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەشت هەزار و 894 کەس بەتۆمەتی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون، لەو ژمارەیەش 1849 کەسیان بازرگان بوون و کڕین و فرۆشتنیان بە ماددەی هۆشبەرەوە کردووە.

یەکێک لەو کەسانەی کە پێستر ئاڵوودەی ماددەی هۆشبەر بووە، دواتر دەستی کردبوو بە بازرگانی کردن ئێستا دەستگیر کراوە و دەڵێت: "لە کۆمپانیایەک کارم دەکرد مانگانە بڕی 2100دۆلارم وەردەگرت، کارگەم هەبوو خێزان و منداڵم هەبوو، بەڵام هەمووم لەدەستداوە"، داواش لە گەنجان دەکات دوور بکەونەوە لە ماددەی هۆشبەر.

وەک لە ئاماری بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر روونکراوەتەوە، چوار هەزار و 460 تۆمەتبار دادگایی کراون و سزادراون دواتر رەوانی چاکسازییەکان کراون، هەروەها بڕی 1،759 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە، لەگەڵ 2،272 کیلۆگرام حەبی هۆشبەری فەل و 66،326 شیت حەبی هۆشبەر.

ئەرکان بیبانی، ئەفسەر لە بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر بە کوردستان24ی گوت: "لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانمان چڕکردووەتەوە، توانیومانە زۆرترین ئەو کەسانە دەستگیر بکەین کە کڕین و فرۆشتن بە ماددەی هۆشبەر دەکەن".

گوتیشی: "لە ماوەی رابردوودا سەرەڕای بوونی چەندین قەیران و گرفت توانیومان زۆترین چالاکی ئەنجام بدەین، زۆربەی ئەو بازرگانانەی کە مامەڵەیان بە ماددەی هۆشبەرەوە کردووە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە و رادەستی یاسا کراون".

 لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەڵمەتێکی فراوان و بەردەوام بۆ پشکنینی توتنی نێرگەلە و کارمەندانی کافێکان کرا، بە مەبەستی دڵنیا بوون بۆ پاکی شوێنەکان لە ماددەی هۆشبەر.