زێدەڕۆیی و سەرپێچیی سەر موڵکی گشتیی ناهێڵدرێت

لیژنەی  نەهێڵانی سەرپێچیی و زێدەڕۆیی سەر موڵکی گشتیی
لیژنەی نەهێڵانی سەرپێچیی و زێدەڕۆیی سەر موڵکی گشتیی

K24 – هەولێر :

ئەو لیژنەیەی بۆ نەهێڵانی سەرپێچیی و زێدەڕۆیی سەر موڵکی گشتیی بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێكهێنراوە، لەیەکەم کۆبوونەوەی خۆیدا  میکانیزمەکانی چارەسەرکردنی گرفت و کێشەی زەویی و زاری موڵکی گشتیی گەنگەشە کرد.

 ئەمڕۆ چوارشەممە ( 20-ی کانوونی یەکەمی 2023)، لیژنەى یەکلاییکردنەوە و چارەسەرکردنى گرفت و کێشەکانى زەوی و زارى کشتوکاڵى و شارەوانی کە بە بڕیارى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان  پێکهێنراوە،  بە سەرپەرشتى ساسان عەونى، وەزیرى شارەوانى و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیارى ئیدارەى سەربەخۆى سۆران، لە دیوانى وەزارەتى شارەوانى، لە پێناو بەرژەوەندى گشتیی و نەهێڵانى زێدەڕۆیی و سەرپێچى لە سەر موڵکى گشتیی، یەکەمین کۆبوونەوەی خۆى ئەنجامدا.

بەپێی راگەیاندراوێکی پارێزگای هەولێر، لە کۆبوونەوەکەدا  ئاماژە بە بڕیارى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و ڕاسپاردنى لیژنەى ناوبرا کراوە بۆ دۆزینەوەى میکانیزمى گونجاو و، چارەسەرکردنى گرفت و کێشەى زەویی و موڵکى گشتیى و پۆلێنکردنى زەوییەکانى شارەوانی ، هەروەها  زەوی کشتوکاڵی و نیشانکردنى حەرەمى گوند لە سنوورى پارێزگاى هەولێر و ئیدارەى سەربەخۆى سۆران، هەروەها جەخت لە ڕێگریکردن لە زێدەڕۆیی و سەرپێچیەکان بۆ سەر موڵکى گشتیى و، هەموو ئەو کەس و لایەنەنانەش کرایەوەتەوە کە دەیانەوێت دەستدرێژی بکەنە سەر زەوی و موڵکى گشتیی.

هەر بەپێی راگەیاندراوەکە،  لەکۆبوونەوەکەدا  بڕیار دراوە هاوکارى لیژنەى باڵا بکرێت لە سەر ئاستى پارێزگاى هەولێر و ئیدارەى سەربەخۆى سۆران، لەگەڵ ئەوەشدا دوو لیژنەى دیکە  پێکبهێنرێت و بەوردى بەدواداچوون  بۆ  پرسەکە بکات، بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەى داهاتوودا ڕاپۆرتى خۆیان لەوبارەیەوە بخەنە ڕوو.