هیوا ئەحمەد: ئافرەتانی کوردستان قۆناغی سەختییان بڕیوە تا بە ئەمڕۆ گەیشتوون

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

هیوا ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی رێکخراوە جەماوەرییەکانی پارتی دیمەکراتی کوردستان رایەگەیاند، پارتی لە رابردوودا زۆر بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵ پرسی ئافرەت کردووە، تا بە ئەمڕۆ گەیشتووە، قۆناغی سەختی بڕیوە.

هیوا ئەحمەد، لە رێوڕەسمی نۆیەمین کۆنگرەی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان وتارێکی پێشکەشکرد و گوتی: "رێکخراوی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان کە لە ساڵی 1952 لەسەر دەستی مەلا مستەفای بارزانی دامەزرا، کۆمەڵگەیەکی زۆر جیاوازتر لە ئێستا هەبوو، ئەوکات پیاو سالاری لە لووتکەدابوو، بە کۆیلە سەیرکردنی ئافرەت  لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان ببوە کولتوور".

گوتیشی: "لە مێژوودا پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵ پرسی ئافرەتان کردووە، تا بە ئەمڕۆ گەیشتووە قۆناغی سەختی بڕیوە، لەلایەک هەوڵیداوە بڕوا بە پیاو بهێنێت کە ئافرەت وەک پیاو مافی هەیە، لەلایەکی دیکە پارتی هەوڵیداوە بڕوا بەخۆبوون لای خودی ئافرەت دروست بکات، تا داوای مافی بکات و بزانێت ئەرک و مافی چییە، بیخاتە ناو تای یەک تەرازوو لەگەڵ پیاو کۆمەڵگایەکی تەندروست بنیاد بنێنن".

هیوا ئەحمەد، راشیگەیاند: "یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، پشت ئەستووری بە پارتی دیموکراتی کوردستان خەباتی ئافرەتانی تێکەڵی خەبات و شۆڕشی پێشمەرگانە کردووە، لەو پێناوەشدا قوربانی گەورەی بە کوردستان بەخشیوە، لە ئێستای تێکۆشانی مەدەنیدا، ئافرەت لە هەموو جومگەکانی وڵاتدا هەیە، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان هانی ئافرەت دەدەین خۆیان لەگەڵ زانست و تەکنەلۆجیای سەردەم بگونجێنن و لێی دانەبڕێن، دەبێت ئەم رێکخراوە لە هەموو دامەزراوەیەک و کەناڵێکی راگەیاندن بوونی هەبێت، بۆ داکۆکی کردنی دۆزی ئافرەتان".

کۆنگرەکانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان:

- كۆنگرەی یەكەم: لە ساڵی 1963 بە شێوەی نهێنی بەسترا و بەهیە مەعروف كرا بە سكرتێر و ناوی یەكێتییەكەش لە (یەكێتیی ئافرەتانی دیموكراتی كوردستان)وه گۆڕا بۆ یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان .

- كۆنگرەی دووەم: لە 25/9/1970 لە شاری بەغدا، نوێنەرانی پارێزگاكانی (دهۆك، نەینەوا، كەركووك، سلێمانی، خانەقین)ـی یەكێتیی ئافرەتان بەشدارییان لە كۆنگرەی (اتحاد نساء العراق ) كرد، بەڵام لەبەرئەوەی ئامانجەكانیان وەكو یەك نەبوون، یەكێتی ئافرەتان پاشەكشەی كرد . بۆیە لە 18/4/1971 هەر لە بەغدا كونگرەیەكی دووەمیان بەست و چەندین بڕیار و ڕاسپاردەی گرنگ كە لەگەڵ بارودۆخی ئەوكاتی كوردستان دەگونجان دەركرا و زەكییە ئیسماعیل حەقی بە سكرتێر هەڵبژێردرا.

- کۆنگرەی سێیەم: لە 13/2/1972 بۆ خۆئامادەكردن بۆ كۆنگرەی سێیەم یەكەمین كۆنفرانسیی خۆی بەستووە . لە 30/4/1972 لە مەسیف سەلاحەدین كۆنگرەی سێیەم بەستراو (زەكییە اسماعیل حەقی ) بە سكرتێر هەڵبژێردرا.

* لە نێوان ساڵانی 1975 تا 1991 لە هەندەران دەستەیەكی پێكهێنا بۆ ڕێكخستنی ئافرەتان و ڕاپەڕاندنی كاروباریان لە ئاوارەيیدا.

* لە 19-23 / 2/1992 كۆنفرانسی شەهید (لەیلا قاسم) لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بەسترا و نوێنەرانی شارەكانی (كەركووك، سلێمانی، دهۆك، هەولێر) بەشداريیان تێیدا كرد و لەم كۆنفرانسەدا ئاماژە بە پەیڕە و و پرۆگرامی یەكێتیی ئافرەتان كرا و بڕیاری گرنگ دەركرا. هەرچەندە كۆنفرانس بوو، بەڵام دەسەڵاتی كۆنگرەی پێدرا و شیرین ئامێدی بە سكرتێر هەڵبژێردرا.

- كۆنگرەی چوارەم: لە 27/7/1997 لە شاری هەولێر لە ژێر دروشمی (یەكسانی ) كۆنگرەی چوارەم بەسترا و لەم كۆنگرەیەدا نوێنەری لقەكانی (دهۆك، هەولێر، كەركوك، سلێمانی، رانیە، سۆران، ئاكرێ‌، هەڵەبجە و ڕێكخستنەكانی دەرەوەی وڵات) بەشداريیان تێدا كرد و (شیرین ئامێدی) بە سكرتێر هەڵبژێردرا.

- كۆنگرەی پێنجەم: لە 27-30 / 10/ 2001 لە شاری هەولێر لە ژێر دروشمی (ئاشتی و یەكسانی و دادوەری كۆمەڵایەتی ) كۆنگرەی پێنجەمی (ی.ئا.ك) بەسترا و پەیڕە و پرۆگرامی نوێ‌ دارێژرا و لە لایەن ئەندامانی كۆنگرەوە سەركردایەتیيەكی نوێ‌ بۆ یەكێتی ئافرەتان هەڵبژێردرا, كە پێكهاتبوون لە (16) كەس بۆ ئەندامێتی لیژنەی ڕاپەڕاندن و (4) ئەندامی یەدەگ، لە 15/11/2002 لیژنەی ڕاپەڕاندن یەكەم كۆبونەوەی خۆی بە ئامادەبوونی سەرجەم هەڤاڵانی هەڵبژێردراوی لیژنەی ڕاپەڕاندن و مەكتەبی ناوەندی ڕێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكان ئەنجامدا و لەم کۆبوونەوەدا سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سكرتاریەت هەڵبژێران كە پێكهاتبوون لە (8) ئەندام و شیرین ئامێدی به سكرتێر ده‌رچوو.

- كۆنگرەی شەشەم: یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لە ڕۆژانی 12-14/3/2007 بە ئامادەبوونی ( 175) ئەندام، كە نوێنەرایەتی سەرجەم ئەندامانی یەكێتی ئافرەتانیان دەكرد لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی كوردستان كۆنگرەی شەشەمی خۆی لە ژێر دروشمی ( پەرەپێدانی تواناكانی ئافرەت لە پێناو بنیاتنانی كۆمەڵگایەكی یەكسان) لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان سازكرد. (175) ئەندامی كۆنگرە دەنگیاندا بۆ " 9 " كەس بۆ ئەندامێتی مەكتەبی سكرتاریەت.

لەم كۆنگرەیەدا هەیكەل و پێكهاتەی یەكێتی ئافرەتان گۆڕانكاری بەسەردا هات بەم شێوەیە : لە جیاتی ( لق ) ئەنجومەنی پارێزگا دانرا، كە بەرزترین دەسەڵاتە لە پارێزگادا. لە جیاتی ( ناوچە ) ئەنجوومەنی قەزا دانرا. لە جیاتی ( ڕێكخراو ) ئەنجومەنی ناحیە دانرا. دوای كۆنگرە ئۆفیسێك لە ئەوروپا دانرا، كە مەڵبەندەكەی لە وڵاتی هۆڵەندایە بۆ سەرپەرشتیكردنی كاروباری ئافرەتانی كورد لە ئەوروپا. د. كوردستان موكریانی به سكرتێر دەرچوو.

- كۆنگرەی حەوتەم: لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی 4-5/8/2010 كاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵا لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی (208) ئەندامی كۆنگرە، كە نوێنەرایەتی سەرجەم ئەندامانی یەكێتی ئافرەتانی كوردستانیان دەكرد، كۆنگرەی حەوتەمی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لە ژێر دروشمی ( بەرەو كۆمەڵگایەكی مەدەنی و ئایندەیەكی پرشنگدارتر) دەستی بە كارەكانی خۆی كرد. لە دووەم ڕۆژی كۆنگرە و لە كاتژمێر 4 ئێوارە لە كەشێكی ئازاد و دیموكراسیدا بە تێكڕای دەنگی ئەندامان بەڕێز ( د.ڤیان سلیمان حاجی) بە سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان هەڵبژێردرا.

- کۆنگرەی هەشتەم: لەرێکەوتی 3-4/ 9 / 2018 كاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی ( 166 ) ئەندامی كۆنگرە، كە نوێنەرایەتیی سەرجەم ئەندامانی یەكێتی ئافرەتانی كوردستانیان دەكرد، كۆنگرەی حەوتەمی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لە ژێر ناوی (نیشتمان) دەستی بە كارەكانی خۆی كرد. لە دووەم ڕۆژی كۆنگرە و لە كاتژمێر 04:00ـی ئێوارە لە كەشێكی ئازاد و دیموكراسیدا بە تێكڕای دەنگی ئەندامان ( د.ڤیان سلێمان حاجی) بە سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان هەڵبژێردرا.