گرینگی کوردبوون بۆ یەکبوونی نیشتمانی و ئایندەسازی

Kurd24

ئاشکرایە کەوا گەلی کوردستان زیاتر لە یەك سەدەیە لە پێناو مانەوەی خۆڕاگرانە تێکۆشیوە و سەرەڕای ئەو هەموو زوڵم و ستەمکارییەی، کە لەلایەن داگیرکاران و نەیارانەوە بەرامبەری کراوە بۆ لەناوبردنی کۆڵی نەداوە لە قوربانیدان، چونکە مەبەستی بووە لەسەر پێی خۆی بمێنێتەوە و خۆی نەچەمێنێ، ئەگەرچی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کەمترین پشتیوانی لێ کراوە.

کوردبوون فەلسەفەیەکە، بنەماکانی ئایندەسازی تۆکمەتر دەکات و دەرفەت دەڕەخسێنێ بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە، وەڵامیان هەبێ بۆ ئەو پرسیارە نەزۆکانەی، کە سەبارەت بە ناسنامە دەکرێن.

کوردبوون  بریتییە لە بەدیهێنانی سروشتی کەسی کوردی. کوردبوون دەروازەی لۆژیکی ناسنامە و باوەڕ دەگەڕێنێتەوە، تا بە باشترین شێوە مامەڵە لەگەڵ جیهان و ئەم سەردەمە بکرێ.

بانگەشەکردن بۆ کوردبوون بانگەشەیەکی ڕۆشنبیری و کولتوورییە، لە کاتێکدا بانگەشەکردن بۆ یەکگرتوویی کوردی بانگەوازێکی دینامیکی و سیاسییە.

ئەگەر بڕوانینە نەتەوەکان و گەلانی پێشکەوتوو، ئەو پرسیارەمان لا درووست دەبێت، ئایا نهێنی ڕابوون و ژیانەوەیان چییە؟

دواتر دەبێ بپرسین، ئەی ئێمەی کورد بۆ هێشتا لەسەر خاکی خۆمان بە داماوی و بە ژێر دەستی ماوینەتەوە و  نەتەوەکانی دەوروبەرمان  وەکو پاشکۆ مامەڵەمان لەگەڵ دەکەن، ئایا هۆکاری پاشکۆیەتی و نەگەیشتنمان بە مافە سەرەتاییەکانمان ناگەڕێتەوە بۆ نەبوونی یەکبوونی نیشتمان و باوەڕهەبوونمان بە ئایندەسازی؟  کەی بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێین، ئەگەر چی یەك هەنگاویش بێت؟ ئایا هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەی ئێمە، یان گرفت لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتییمانە؟ ئایا گرفتێکی سروشتی لەناو جینەکانمان بوونی هەیە؟  هەموو ئەم پرسیارە ڕەوایانە دەبێ لەناو مێشکی هەر تاکێکی کورد بخولێتەوە، ئەگەر بیرێ لە ئێستا و ئایندەی نەتەوەکەی بکات. 

ئێمە لە هەموو کاتێ زیاتر پێویستیمان بە ڕابوونە. ڕابوون بە بازووی باوەڕداران بە نیشتمان درووست دەکرێ.

ڕابوون تەنها بە هەبوونی کەسانی باوەڕدار بە دەوڵەمەندبوونی نیشتمان دەکرێ، کە بیر و هزر و هەوڵ و ماندووبوونیان لە پێناو بونیادنانی کۆمەڵگە و نیشتمانیان تەرخان دەکەن و پشت بە میراتی شارستانی کوردستان و دیدگایەکی ڕوون بۆ ئایندە دەبەستن، تا ببێ بە قیبلەنومایەك و نیشتمان بەرەو کەنارێکی ئارام بەرێت. بنیاتنانی کولتوورێکی یەکتر قبوڵکردن و کارکردن لەسەر پەرەپێدانی پێکەوەژیانی نەتەوەیی و دڵسۆزی بۆ خاك و سەروەری وڵات و حکومەتی نیشتمانی گرینگی خۆی هەیە.

بۆ گەیشتن بە کیانی کوردیی یەکگرتوو، یان بۆ گەیشتن بە کیانێکی فیدڕاڵی کوردی، پێویستە میکانیزمەکانی قۆناغی داهاتوو دیاری بکرێن. ئەمەش بە ڕەچاوکردنی بنەما دیموکراسییەکان دەبێت، لەسەر ئاستی ناوخۆ، و بە گفتوگۆی ئاشتیانە دەبێت بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان كورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان. لێرەدا سازانی كورد گرینگی خۆی هەیە، نەرمی نواندن بۆ گەیشتن بە کیانێکی دەستوری سیاسی، کە دەربڕی یەکگرتوویی کورد بکات، هونەری سەرکەوتنە. 

ئایندە هەر دێ و ئێمەش بەرەو پیری ئایندەوە دەچین، کات بە زۆر و زۆرداری خۆی بەرەو ئایندە پاڵمان دەنێ، بەڵام ئەنجامی ئایندە بەرهەمی هەڵبژاردنەکانمانە، کامەیە ئەو ڕێگەیەی هەڵی دەبژێرین بۆ گەیشتن بە ئایندە، ئایا ڕێگەی توڕەییە، یان ڕێگەی هۆشیارییە؟ 

با لە هەمووماندا ویست  بۆ ژیان بوونی هەبێ،  ئەو ویستە پاڵنەری سەرەکی و بزوێنەری جەوهەرییە بۆ ئەوەی بەرەو سپێدەی چاکسازی و گۆڕانکارییەکان هەنگاو بنێین، بۆ ئەوەی بەرەو ئایندەیەکی گەش بۆ خۆمان و نەوەکانمان ڕێگە ببڕین. هەموو نەتەوەیەک دەبێت مێژوو و شکۆ و پێشکەوتنی خۆی بە دەست و بە بیرۆکەکانی خۆی دروست بکات.

با دەست بکەین بە هاندانی نەتەوەکەمان بۆ فێربوون و بۆ کارکردن و بۆ خۆشەویستنی زانست. با هۆشیاری دەربارەی فاکتەرەکانی پێشکەوتن بڵاوبکەینەوە. با ئەوەندە خۆمان ڕەتنەکەینەوە و نەڵیین ئێمە هیچ نین و ناتوانین هیچ بکەین. با لێگەڕێین میلی سەعاتەکانمان خێرا بەرەو پێشەوە بڕوات.

دواجار ئامانج لە یەکبوونی نەتەوەیی بەهێزکردنی هاوپەیمانێتی و پێکەوەیی کۆمەڵگەییە لە چوارچێوەی نیشتمان و کەمکردنەوەی ناکۆکییە کۆمەڵایەتیی و سیاسی و کولتوورییەکان و پاراستنی سەقامگیری وڵات و زامنکردنی سەلامەتی هاوڵاتیان و بەهێزکردنی ئینتما بۆ نیشتمان و شانازیکردنە بە ناسنامەی نەتەوەیی.