رۆژنامەیەک: لە 16 ویلایەتی ئەمەریکا هەوڵی دوورخستنەوەی ترامپ لە هەڵبژاردنەکان دەدرێت

K24 - هەولێر

رۆژنامەیەکی ئەمەریکی بە پشتبەستن بە داتای کۆمپانیایەکی یاسایی ئاشکرای کرد، لە 16 ویلایەتی ئەمەریکا داوای یاسایی هەیە کە داوادەکەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا قەدەغە بکەن لەبەشداریکردن لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی پارتی کۆمارییەکاندا.

رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" بڵاویکردەوە، لە ئێستادا لە 16 ویلایەت داوای یاسایی لەسەر ترامپ هەیە کە باس لەوە دەکەن شایستەی خزمەتکردن نییە.

بەگوێرەی رۆژنامەکە، ئەم داوا یاساییانە بەرامبەر رووداوی هێرشکردنە سەر باڵەخانەی کاپیتوڵە، کە لە ساڵی 2021، لەلایەن لایەنگرانی ترامپ روویدا.

پێشتر دادگای باڵای کۆلۆرادۆ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکای قەدەغە کرد کە بەشداری لە هەڵبژاردنە سەرەتاییە ناوخۆییەکاندا بکات بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2024 ئەمەریکا.

ستیڤن چونگ گوتەبێژی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی دۆناڵد ترامپ بڕیارەکەی دادگای کۆلۆرادۆی بە هەڵە ناوبرد و رایگەیاند، تانە لە بڕیارەکە دەدەن.