وەزارەتی پەروەردە لەبارەی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەم لە سنووری پەروەردەکانی سلێمانی و هەڵەبجە بڕیاردەدات

وەزارەتی پەروەردە
وەزارەتی پەروەردە

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تاقیکردنەوەکان و ساڵنامەی خوێندن لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتی پەروەردەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕینی کردووە، شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ نمرەی تاقیکردنەوەکان و ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەم لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی سنووری ئەو پەروەردانە دیاریدەکات.

رۆژی پێنجشەممە (21ـی کانوونی یەکەمی 2023) نووسراوەکە بە ژمارە (15122) واژۆکراوە و ئاماژە بەوە دەکات، ئەو قوتابییانەی نمرەی هەڵسەنگاندن و نیوەی وەرز (10-20-10)ـیان هەیە، ئەوا پێویستە تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرز لەسەر (60) نمرە ئەنجام بدەن.

هەروەها لە خاڵی دووەمدا هاتووە، ئەو قوتابخانانەی نمرەی تاقیکردنەوەی نووسینەکی (20) نمرەیان ئەنجامنەداوە و نمرەی هەڵسەنگدانیان هەیە، ئەوا پێویستە تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی لەسەر (80) نمرە ئەنجامبدەن و بەم شێوەیە لە سیستم تۆماری بکەن:

‌آ. نمرەی بەدەستهاتوو لە (80) نمرە دابەشی (4) بکرێت بۆ دەرهێنانی (20) نمرەت تاقیکردنەوەی نووسینەکی.

ب. نمرەی بەدەستهاتوو لە (80) نمرە لێکدانی (0.75) بکرێت بۆ دەرهێنانی (60) نمرەی تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرز.

ت. نمرەی کۆتایی لە هەردوو خاڵی (آ و ب) نزیکبکرێتەوە بۆ نمرەی تەواو ئەگەر نمرەکە بە کەرت دەرچوو.

هاوکات لە خاڵی سێیەمی نووسراوەکەدا جەختکراوەتەوە، ئەو قوتابخانانەی تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەم ئەنجام دەدەن بۆ وەرزی دووەم لەسەر هەمان ساڵنامەی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە بەردەوام دەبن.

بەهۆی بەردەوامی دواكەوتنی مووچە و شایستەداراییەكانی ھەرێمی كوردستان لە لایەن حكومەتی عێراقەوە، فەرمانبەران تەواوی مووچەكانیان وەرنەگرتووە و مامۆستایانیش لە سنووری پارێزگای سلێمانی ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بایكۆتی خوێندنیان کرد.

رۆژی چوارشەممە، 25ـی ئۆکتۆبەری 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەو مامۆستا بەڕێزانەی تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە بێن بەردەوامبن لە خوێندن و داوای مافی خۆیان دەکەن، دەمەوێت پاڵپشتیی خۆم بۆ ئەو مامۆستایانە دەرببڕم و منیش دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی ئەوان کە پێویستە هەموو ماف و شایستە داراییەکانیان دابین بکرێت، بەڵام دەبێت رووی رەخنەکانمان لەو لایە بێت کە هۆکارە بۆ بڕینی مووچەکانیان یان دواخستنی مووچەکانیان؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکار نییە و زۆر بە پەرۆشە بۆ ئەوەی بە زووترین کات مووچەکانیان بۆ دابین بکات و بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی بە یەکەوە داوای مافەکانی مامۆستایان و هەموو فەرمانبەرانی تری خەڵکی کوردستان بکەین".