حكومه‌تی هه‌رێم دەروازەیەکی نوێ بۆ دیانای کۆن به‌ گوژمه‌ی دووملیار و 859 ملیۆن دینار دروست دەکات

چه‌ند رۆژێكی دیكه‌ پڕۆژه‌كه‌ ته‌واوده‌بێت

K24 – هەولێر:

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، دەروازەیەکی نوێ بۆ دیانای کۆن دروست دەکرێت و تێچووی پڕۆژەکە دوو ملیار و 859 ملیۆن دینارە و چه‌ند رۆژێكی دیكه‌ ته‌واوده‌بێت.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ماڵپه‌ڕی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لە نوێترین پڕۆژەی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران، دەروازەیەکی نوێ بۆ دیانای کۆن دروست دەکرێت و تێچووی پڕۆژەکە دوو ملیار و 859 ملیۆن دینارە و سیمایەکەی جوان و شارستانی بە شارەكە دەبەخشێت.

یونس خورشید، سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە، بە ماڵپه‌ڕی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی راگەیاندووه‌، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ پێش سەری ساڵ تەواو دەبێت، كارەكان بە شەو و رۆژ بە ئەندازیار و كرێكار و كۆمپانیای ناوخۆیی جێبەجێ دەكرێن، بۆیە لە 26ـی كانوونی یەكەم ئەم پرۆژەیە تەواو ده‌بێت.

ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆیی کە تەواوی کارمەند و کرێکارەکانی دەستی کاری ناوخۆیین، جێبەجێ دەکرێت و 24 کاتژمێریش کاری تێدا دەکرێت.

محەممەد عەبدوڵڵا، هاووڵاتییەكی دیانایه‌ و له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری راگه‌یاندووه‌: "له‌ ئێستادا حكومەتی هەرێم پڕۆژەی دەروازەیه‌ك بۆ دیانا جێبەجێ دەكات، ئەوەش خزمەتگوزارییەكی گرنگە".

حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی گەیاندووەتە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و لە جێبەجێکردنی پرۆژەکان و خزمەتکردنی هاووڵاتییان بەردەوام دەبێت.