کوێستان محەممەد: رێگە نادەین کەس تۆمەت بۆ سزادراوان دروست بکات

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، بەدواداچوون بۆ رەوشی سزادراوەکانی چاکسازی کراوە، ناهێڵین هیچ کەسێک تۆمەتیان بۆ دروست بکات و ئاشتی کۆمەڵایەتی تێكبدات.

ئەمڕۆ شەممە13ـی کانوونی یەکەمی 20232، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی، کوێستان محەممەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، گوتی: "بەدواداچوون بۆ رەوشی سزادراوەکانی چاکسازی کراوە، ناهێڵین هیچ کەسێک تۆمەتیان بۆ دروست بکات، ئەمە کارێکە ئاشتی کۆمەڵایەتی تێكدەدات".

وەزیری کار ئاماژەی بەوەشدا، لە سایتێک زانیاری نادروست لەبارەی کەیسێک بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت "ئەو سایتە سزای یاسایی توندی لەسەرە، کە دەبێتە هۆی تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە، بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، داوامان لە بەڕێوەبەرەکانمان کرد لەو کەسە و سایتە خۆش بن کە ئەو زانیارییانەیان بڵاوکردووەتەوە".

راشیگەیاند: "تۆمەتبارمان دەکەن کە ئێمە دژی ئازادی رادەربڕینین، بەڵام ئەوە ئازادی رادەڕبڕین نییە، ئەمە تۆمەتە و تێکدانی بنەمای کۆمەڵایەتیشە".

وەزیری کار راشیگەیاند: "شەش چاکسازی لە هەرێمی کوردستان هەن، سێ چاکسازی گەوران و سێ چاکسازی ژنان و منداڵان، هیچ سزادراوێکی ژن لە چاکسازی گەوران نییە، هەروەها لە چاکسازی ژنان بەشی ژنان و منداڵان و نەوجەوانان هەیە، هیچ ژنێک لەناو چاکسازییەکان ناتوانن بچنە دەرەوە تەنیا لە دوو حاڵەت نەبێت، کاتێک کە نەخۆش بێت بنکەی تەندروستی چاکسازی نووسراو بکات بڵێت: ئەم ژنە نەخۆشە و پێویستە ببرێتە نەخۆشخانە، ئەوکات لەلایەن نوێنەرێکی بەشی ژنان لەگەڵ مەفرەزەیەک بە رەزامەندی بەڕێوەبەر دەبرێتە نەخۆشخانە و دەهێنرێتەوە، یان کاتێک داوایەکی یاسایی لە دادگا یان پۆلیس هەبێت بە نووسراوی داکاری گشتی و بە رەزامەندی بەڕێوەبەر سزادراو دەبرێت و دەهێنرێتەوە".

گوتی: "هەر شتێک گوترابێت لە پێش ئەم کابینەیە ئێمە لێی بەرپرس نین، ئەو چاکسازییانەی کردومان شانازی پێوە دەکەین، هەر کەسێک بیسەلمێنێت لە سەردەمی ئێمەدا ژن لەناو چاکسازییەکان بۆ کاری بەدڕەوشتی براوەتە دەرەوە من لەبەردەم ئێوەدا دەست لەکاردەکێشمەوە، ئەو قسەیەی کە کراوە نیگەرانییەکی قوڵی لای هەموومان دروستکردووە، بەتایبەتی سزادراوان تووشی دڵەڕاوکێ بوون و ئێمەش کەوتووینەتە ژێر فشاری سزادراوان و کەسوکاریان".

کوێستان محەممەد ئاشکرای کرد، لە هەر سێ چاکسازی ژنان و منداڵان 172 ژنی سزادراو هەن، ستافی ئەو چاکسازییانە 91 کەسە، "ئەو ستافە بە شەو و رۆژ لە ئەرکدان".

گوتیشی: "لە هەموو مێژووی سیاسیم تەشهیرم پێکراوە و جنێوم پێدراوە، لە هەموو مێژووی سیاسیم تائێستا داواکاریم لەسەر کەس تۆمار نەکردووە و وەڵامی کەسیشم نەداوەتەوە، ئەو بەڕێزە ئەگەر قسەی بەخۆم بگوتایە دڵنیابن وەڵامیشم نەدەدایەوە، بەڵام من بەرپرسم لە 263 سزادراو و 91 ستافی سەرپەرشتی چاکسازییەکان".

ئەو گوتانەی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە وەڵامی حاکم ناز نووری، ئەندامێکی پێشووی داواکاری گشتییە کە پێشتر لە گفتوگۆیەکی رۆژنامەوانیدا گوتبوی "هەندێک لە ژنانی نێو زیندانەکان شەوان دەبرێنە دەرەوە بۆ کاری لەشفرۆشی"، کوێستان محەممەد دەڵێت: "ئەگەر سەلمێندرا لە سەردەمی ئێمەدا لە ناو چاکسازییەکاندا کاری بەدڕەوشتی ئەنجامدرابێت من لە بەردەم دەزگاکانی راگەیاندن دەست لەکاردەکێشمەوە".