وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەری ساڵ بە خەمباری و هەژاری بەڕێدەکەن
K24 – هەولێر :
ئەمساڵ جیا لە تەواوی ساڵەکانی پێشوو، وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەژنەکانی کرێسمس و سەری ساڵی نوێ، بە شەرمەزاری و خەم و هەژاریەوە بەڕێدەکەن، هەرچەند باڵەخانە و شەقامەکان بە رووناکی و جوانکاری جۆراوجۆر رازێندراوەتەوە.
بەرێوەبردنی رێورەسمەکانی جەژن بە بۆنە ئاینییەکان لەنێوان کریستیانەکان بە جیاوازی پێکهاتەیی و نەریتیان، لەنێوان رووداوەکانی غەززە و سودان و باشووری لوبنان گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە بەهۆی ئەو بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووریان کە وای کردووە نەتوانن هەموویان لەو جەژنەدا بەیەکەوە کۆ ببنەوە.
فەرقەد مەلکۆ، چاڵاکوان و رۆژنامەنووسێکی کریستیانی عێراقییە، دەڵێ: ئاهەنگ و نزا ئاینییەکان بەهۆی شەڕی غەززە و کارەساتی حەمدانییە کە سەدان هاووڵاتی لێ بووە قوربانی، لەگەڵ بارودۆخی خراپی ئابووری وڵات، زۆر کورت دەبێت.
ئەو رۆژنامەنووسە کریستیانە گوتی: هاووڵاتیان هەوڵدەدەن خەرجیەکانی رۆژانەی خۆیان دابین بکەن، دەشڵێ: پێشتر کە کریستیانەکان ئاهەنگی سەری ساڵیان رێک دەخست، ئێستا ناتوانن بە هەمان شێوە و بە هەمان خەرجی ئاهەنگەکان بەڕێوە ببەن، ناچارن بە نیوەی کەمتر لەو پارەی پێشتر بۆ جەژنی کریسمس و سەری سال خەرجیان دەکرد، ئەمساڵ ئاهەنگەکان لەبەر خاتری منداڵەکان بەرێوە ببەن.
ئاژانسی فرانس پرێس پێشتر بڵاوی کردەوە، بەر لە ساڵی 2003، ژمارەی کریستیانەکان عێراق دەگەیشتە یەک ملیۆن و نیو، کەچی ئێستا ژمارەیان لەنێوان 300 بۆ 400 هەزارە.
ئەو چاڵاکوانە ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی بەرزبوونەوەی کرێکان و بەرزبوونەوەی نرخ، خانەوادەکان زۆرینەیان ناتوانن پێداویستیەکانی جەژنەکانی کریسمس و سەری ساڵ ئامادە بکەن.
لەگەڵ ئەوەی عێراق دەوڵەمەندە بە سامانی نەوت، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، سێ بەشی خەڵکی عێراق لە هێڵی هەژاریدا دەژین.