لەگەرمیان تۆمەتبارێک رووبەڕووی هێزەکانی پۆلیس دەبێتەوە

عەلی جەمال، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان
عەلی جەمال، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان

K24 - هەولێر

گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، تۆمەتبارێک کە فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە لەگەڵ چوار کەسی دیکە رووبەڕووی هێزەکانی پۆلیس بوونەتەوە و دوو ئەفسەر و کارمەندێکی پۆلیسیان بریندارکردووە.

عەلی جەمال، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تۆمەتبارێک بەپێ ماددەی 443 لە یاسایی سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو تۆمەتبارە پێشینەی دزی هەبووە.

گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان گوتیشی: بەبڕیاری دادوەرانی کەلار و قۆرەتوو مەفرەزەیەکی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان چووەتە گوندی ساڵح ئاغا، بۆ دەستگیر کردنی ئەو تۆمەتبارە، دەشڵێت: ئەو تۆمەتبارە لەگەڵ دوو تۆمەتباری دیکە و دووکەسی دیکە واتە پێنج کەس بوونە و خۆیان رادەستی پۆلیس نەکردووە، هەروەها لەکاتی چوونی پۆلیسەکان بۆ دەستگیرکردنیان، ئەوان بە دەمانچە و کلاشینکۆف و نارنجۆک هێرشیان کردووەتە سەر مەفرەزەکانی پۆلیس.

راشیگەیاند، لەگەڵ تەقاندنی نارنجۆکەکە دوو ئەفسەر و کارمەندێکی پۆلیس برینداربوون، بۆیە لەو کاتەدا تۆمەتبارەکان بەسوود وەرگرتن لە جوگرافیای شوێنەکە و برینداربوونی پۆلیسەکان توانییان هەڵبێن، بەڵام پۆلیس دەستیگرتووە بەسەر ئۆتۆمبێلێک و دوو ماتۆڕسکیلی تۆمەتبارەکان، هەروەها لە ئێستادا پۆلی بەدوای تۆمەتبارەکان دادەگەڕێت پشکنین لە ناوچەکە ئەنجام دەدات، بۆ ئەوەی دەستگیریان بکات.

جەمال باسی لەوەشکرد، بریندارەکان باری تەندروستییان جێگیرە و لەئێستادا ئەفسەرێک و پۆلیسێک نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و گەڕاونەتەوە ماڵەوە، بەڵام ئەفسەرێکیان نەشتەرگەری بۆ دەکرێت.