پارێزەرێک: جیابوونەوە لە نێوان هاوسەران بووەتە مۆدێل

K24 – هەولێر

پارێزەرێک رایگەیاند، جیابوونەوە لەنێوان هاوسەران بووەتە مۆدێل، پیاوان و ژنان بەبێ هیچ هۆكارێك و بێ‌ ئاگا و رەزامەندی هاوسەرانییان جیا دەبنەوە.

کارزان هەنارەیی،  پارێزەر بە کوردستان24ـی راگەیاند، بابەتی جیابوونەوە لە نێوان ژن و پیاواندا بووەتە چاولێکەری، هەڵبژاردنی ژیانێک دوور لە بەرپرسیارێتی و کۆمەڵایەتی هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ لێکترازان، هۆکارێکی دیکەش هەیە کە ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵمەتی نەهێشتنی بۆ دەکات ئەویش ماددەی هۆشبەرە، کە بە هۆکاری دەزانم بۆ ئەوەی خێزان پەرتەوازەبێت و لێک جیاببنەوە.

ئەو پارێزەرە گوتیشی: "بەو پێیەی ئێمە لەناو پڕۆسەکەداین رێژەی جیابوونەوە ساڵ بە ساڵ روو لە زیادبوونە".

لانە ئامانج، پارێزەر و راوێژکار بە کوردستان24ـی گوت: جیابوونەوە لەنێوان هاوسەران بووەتە مۆدێل پیاوان و ژنان بەبێ هیچ هۆكارێك و بەبێ‌ ئاگایی و رەزامەندی هاوسەرانییان جیادەبنەوە، هەروەها لە بەرامبەر مافەكانیشیان بڕێكی كەم کە پەنجا هەزارێك كەمتر یاخود زیاتر مانگانە دەدەن بە ژنەكانیان ئەمەش هۆکارێکە بۆ زۆربوونی ئەمجۆرە جیابوونەوەیە.

دەشڵێت: "من وەک پارێزەر ئەم ساڵ تەنها لای خۆم بیست و دوو كەیسی جۆری جیابوونەوەی دەرەکی واتە "تەڵاق تەعسفی" بێ هۆکارم بۆهاتووە جگە لەوەی رۆژانە چەندین پەیوەندی تەلەفۆنیم لەلایەن ئافرەتانەوە بۆم دێت كە مێردەكانیان داوایان تۆماركردووە یاخود لەلایەن خێزانەكانیانەوە ئاگاداركراونەتەوە كە وا لێیان جیابوونەتەوە، هەروەها چەندین راوێژم وەك پارێزەر لەلایەن پیاوانەوە پێكراوە كە ویستویانە بێ ئەوەی ژنەكانیان بزانن تەڵاقیان بدەن."

ئەمانە هەمووی ئەنجامی كێشە خێزانیەكانە، ئەگەر بەمجۆرە بەردەوام بێت هیچ شتێك بەناوی خێزان و رێز و وەفا نامێنێت لەنێو خێزانە كوردییەكان، بێگومان كاتێك باسی ئەمە دەكەیت دەبێت هۆكار و چارەسەرەكەشی دیاربكرێت .

جەختیکردەوە، ئەگەر باس لەجۆری جیابوونەوەی غیابی بكرێت كە بێ ئاگایی و ئاگاداربوونی ژنەکە ئەنجام دەدرێت، پیاوان دەتوانن لەدەرەوەی دادگا لە دانیشتنێک لای پارێزەرێك یاخود مامۆستایەكی ئاینی بێ ئاگاداری و رەزامەندی ژنەکانییان، لێیان جیادەبنەوە، دواتریش لە دادگا پەسند دەكرێت، کە ژنەكە قبوڵی بێت یاخود نا ئەم جیابوونەوەیە یاسایی و شەرعەن رێگەپێدراوە، كە بە "تەڵاقی تەعسفی" بەبێ هۆکار دادەنرێت.

باسی لەوەشکرد، دوای 10 رۆژ لە تێپەڕ بوونی رۆژی جیابوونەوەکە پیاوەكە دەتوانێت پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجام بداتەوە، بەڵام لێرەدا هەموو مافەكانی ژنەكە دەپارێزرێت و هەموو مافێكی بەردەكەوێت، وەك "مارەیی پاشەكی، زێری پێشەكی ئەگەر لەكاتی ژیانی هاوسەری مێردەكەی فرۆشتبێتی و بەبەڵێنی ئەوەی بۆی بكاتەوە، بژێوی واتە "النفقە العدە"واتە تا سێ پاكبوونەوە مافی نیشتەجێبوون بۆ ماوەی سێ ساڵ ئەگەر خانوەكە هی كابرا بێت و بەناوی ئەو بێت مافی وەرگرتنی قەرەبووی ئەم جیابوونەوەیە واتە "تعویز تەلاق تەعسفی، كەل و پەلی هاوسەرگیری ناو ماڵ و منداڵ و هەروەها بژێوی منداڵ كرێی دایەنی" ئەمانە هەموو بەر ژن دەكەوێت.

روونیشی کردەوە: "بەڵام لەزۆربەی كات ژنەكان ماف خوراو دەبن لەبەر ئەوەی ئەم هەموو بڕیارە لە دادگا دەردەچێت بەڵام جێبەجێ ناكرێت، لە بەرێوەبەرایەتی جێبەجێکردن لەبەرئەوەی یاسا و رێنمایی تایبەتی خۆیان هەیە هەر پیاوێك كاتێك لە ژنەكەی جیا دەبێتەوە بەدەگمەن هەموو مافەكە دەدات بەژنەكە.

ئاشکراشیکرد: " رێژەی جیابوونەوە لەنێوان هاوسەران لە ئێستادا بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە".