مەتران یوسف تۆما: پێویستە رێز لە جیاوازییەکانی یەکتر بگرین

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

سەرۆکی کڵێسای کلدانی لە کەرکووک – سلێمانی رایگەیاند: جەژنی لە دایکبوونی مەسیح جەژنی ئاشتییە و پێویستە هەمووان بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان کار بکەین و رێز لە جیاوازییەکانی یەکتر بگرین.

مەتران یوسف تۆما، سەرۆکی کڵێسای کلدانی لە کەرکووک – سلێمانی لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 لەبارەی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان، گوتی: "ئێمە هاووڵاتی رەسەنی ئەم وڵاتەین، بۆیە وشەی کەمینە گونجاو نییە بۆ پێکهاتە بەکاربهێنرێت، وڵاتەکەمان بە فرە نەتەوەیی و ئاینییەوە دەوڵەمەندە، وەک باخچەیەکە کە گوڵی جیاوازی تێدابێت، ئێمە پێویستە پارێزگاری لە پێکەوەژیانی و جیاوازییەکان بکەین، ئێمە بە قۆناغی داهاتووی سەختدا تێپەڕین، ئومێد دەکەم داهاتوو لە رابردوو باشتر بێت".

گوتیشی: "هیوادارین هەرێمی کوردستان ببێتە نموونەیەک بۆ ناوچەکانی دیکە بۆ پێکەوەژیان، دەبێ هەوڵبدەین سوود لە ژینگە و سامانی خۆمان وەربگرین، دەبێ وابکەین هاووڵاتییانمان بیر لە باشترکردنی ژیانی خۆیان بکەنەوە، دەبێ لە رێگەی میدیاکانەوە هاووڵاتییان هۆشیار بکرێنەوە بۆ خۆشگوزەرانی لە وڵاتدا".

 لەبارەی جەژنی لە دایکبوونی مەسیح و بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ئەو جەژنە لە هەرێمی کوردستان و عێراق، مەتران یوسف تۆما دەڵێت: "لە هەموو جیهان یادی لە دایکبوونی مەسیح دەگێڕن، تەنانەت ئەو وڵاتانەی کە دانیش بە کریستیان دانانێن داری کریسمس دادەنێن و ئاهەنگ دەگێڕن، ئەو جەژنە جەژنی ئاشتی و پێکەوەژیانە، هەموومان پێویستمان بە ئاشتییە، پێویستە رێز لە جیاوازییەکانی یەکتر بگرین".