دامەزراوە تەندروستییەکان لە رۆژانی جەژنی کریسمس و سەری ساڵ ئێشکگر دەبن

وەزارەتی تەندروستی
وەزارەتی تەندروستی

K24 -  هەولێر :

وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان  ئاشکرای دەکات، لە رۆژانی پشووی جەژنی حەزرەتی مەسیح و سەری ساڵی نوێی 2024، دامەزراوە تەندروستییەکان ئێشکگر دەبن.

ئەمڕۆ یەکشەممە ( 24-ی کانوونی یەکەمی 2023)، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرایکرد، وێڕای پشووی فەرمی، دامەزراوە تەندروستییەکان دەوامی ئێشکگریان دەبێت.

بەپێی راگەیاندراوەکە، وەزارەتی تەندروستی دەڵێ: ئێشکگریی بۆ کارئاسانی هاووڵاتیان و بەرژەوەندی گشتیی بەپێی ئەو رێنماییانە بێت کە، 24 کاتژمێر  فریاکەوتنەکان کراوە دەبن بەشێوەی ئێشکگری، لەگەڵ ئەوەشدا دەوامی نەخۆشخانەکانیش  بەردەوام دەبێت بەشیوەی ئێشکگری، سەرباری ئەوەی نۆرینگە دەرەکیەکان کراوە دەبن لەگەڵ بەشی راوێژکارییەکان بەشێوەی ئێشکگری.

وەزارەتی تەندروستی رایگەیاندووە، سەنتەرەکانی شوشتنەوەی گورچیلە و تیمەکانی فریاگوزاریی و هێلی(122) لە ئەرکدا دەبن بەپێی خشتە، لە کاتی پێویستیشدا، کۆکاگاکانی دەرمان و پێویستیی پزیشکیی لە تەواوی شارو شارۆچکەکان کراوە دەبن.

بەپێی رێنماییەکەی وەزارەتی تەندروستی، تیمەکانی پشکنینی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و نەخۆشییە گوازراوەکان و چاودێری تەندروستی لە ئەرکدا دەبن لە رۆژانی پشوودا، لەگەڵ ئەو خزماتگوزارییە تەندروستیانەی لە کەمپەکان پێشکەش بە ئاوارەکان دەکڕێت.

رێنماییەکە، دکتۆر و پسپۆرەکانی نیشتەجێی دێرین و خولاو ، لەگەڵ پەرستاران و کارمەندانی تەندروستیی پابەند دەکات بە دەوامی ئێشکگری، راشیدەگەیەنێت، سەنتەرەکانی پێدانی چارەسەریی کیمیاوی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە پابەند کردووە بە دەوام کردن بەشێوەی ئێشکگری لە رۆژانی پشوودا.

0