چوار بازرگانیی ماددەی هۆشبەر لە نێوان دهۆک و زاخۆ دەستگیرکران

ماددەی هۆشبەر
ماددەی هۆشبەر

 

K24- دهۆک :

هێزەکانی بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر لە دهۆک، دەستگیرکردنی تۆڕێکی بازرگانانی ماددەی هۆشبەری راگەیاند.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ( 24-ی کانوونی یەکەمی 2023)، هێزەکانی بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر لە دهۆک بە هاوئاهەنگی لەگەڵ  ئاسایشی قەزای سێمێل، توانیان لە ناو تونێلی زاخۆ چوار بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر بکەن.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بە کوردستان24ی راگەیاند،  بازرگانەکانی ماددەی هۆشبەر چەکداربوونە و لەکاتی هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنیان،  رووبەڕووی هێزە ئەمنیەکان بونەتەوە، بەڵام هێزەکانیان سەلامەتن و توانیان هەر چوار بازرگانە چەکدارەکە دەستگیربکەن.

بەپێی ئامارێکی بەڕێوبەرایەتی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەشت هەزار و 894 کەس بەتۆمەتی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون، لەو ژمارەیەش 1849 کەسیان بازرگان بوون و کڕین و فرۆشتنیان بە ماددەی هۆشبەرەوە کردووە.