بەفر رێگای 472 گوندی باکووری کوردستانی داخست
K24 – هەولێر
بەهۆی بەفربارین رێگای 472 گوند لە پارێزگاکانی وان، هەکار، بەدلیس و مووش لە باکووری کوردستان داخرا.
شەپۆلێکی بەفربارین ماوەی چەند رۆژێکە باکووری کوردستانی گرتووەتەوە و پارێزگاکانی وان، هەکاری، بەدلیس و مووشی بە تەواوی داپۆشیوە.
بەفربارین لە وان کە چەند رۆژێکە بەردەوامە، رێگای نێوان 272 گوندی داخستووە، تیمەکانی پاککردنەوەی رێگاوبان بۆ کردنەوەی رێگای نێوان ئەو گوند و ناوچە نیشتەجێبووانە لە هەوڵی بەردەوام دان.
هاوکات لە پارێزگای هەکاری، 12 گوند و 112 ناوچەی نیشتەجێبوون، ئاستەنگی هاتووچۆیان بۆ دروست بووە و پەیوەندییان بە یەکەوە پچڕاوە.
لە بەدلیس و مووش هەوڵەکان بۆ کردنەوەی رێگای ژمارەیەک گوند و ناوچەی نیشتەجێبوون بەردەوامە.