لە واشنتن شانۆیەکی تایبەت بە جینۆساید و ئەنفالکردنی کورد نمایشکرا

kurdistan24.net

K24 - واشنتن

لە سەنتەری جۆن کەنەدی لە واشنتن، شانۆیەکی تایبەت بە ژیان و مێژووی کورد لە سەردەمی جینۆساید و ئەنفال نمایشکرا، نێوەرۆکی شانۆیەکە لەلایەن ئەکتەرێکی فەرەنسی-ئەمەریکی نووسراوە، تێیدا سوود لە شیعرەکانی کەژاڵ ئەحمەد وەرگیراوە لەلایەن هەمان ئەکتەر و کچێکی دیکەی ئۆکرانی نمایشدەکرا. ئامانجی شانۆیەکە ناساندنی مێژوو و ئەو رووداوە خەمناکانەیە کە بەسەر میللەتی کورددا هاتوون.

"لەگەڵ داڕبەڕووەکان شایی دەکەم" ناونیشانی شانۆکەیە لەلایەن ئۆدری رۆسێ، ئەکتەری فەرەنسی-ئەمەریکی نووسراوە، لەگەڵ ئەکتەرێکی دیکەی ئۆکراینی نمایشی دەکەن، ناوەڕۆکی شانۆکە لەسەر رووداوە خەمناکەکانی جینۆساید و ئەنفالە کە بەسەر کورددا هاتوون، بۆ ناوەڕۆکەکەی سوود لە شیعرەکانی خانمە شاعیری کورد، کەژاڵ ئەحمەد وەرگیراوە.

ئۆدری رۆسێ، ئەکتەر و دەرهێنەر بە کوردستان24ی گوت: "یەکێک لەو شتانەی لەگەڵ تیمەکەمان هەوڵماندا بیکەین بابەتی جیهانییە، ئەو بابەتانەی کە هاوبەشن لەگەڵ مرۆڤەکان، چونکە ئەگەر تۆبیکێک بکەینە بابەتێکی مرۆیی، دەتوانین خەڵکی زیاتر لە دەوری خۆمان کۆبکەینەوە، زۆر جێگەی دڵخۆشییە، کاردانەوەی باشمان لە خەڵک بەدەست گەیشتووە لە تەواوی جیهان، هەندێک کەس لە چیرۆکەکە تێناگەن، بەڵام دەتوانن لە رێگەی هەستەوە لێی تێبگەن."

دەریا هۆلۆچاڤنسکا، ئەکتەر دەڵێت: "هاوڕێیەکەم بانگهێشتی کردم بەشداری ئەو پڕۆژەیە بکەم و رۆڵی نمایشکردن بگێڕم، کە تایبەتە بە کولتووری کورد، پێش ئەوەی وڵامی بدەمەوە، ویستم لەبارەی مێژوو و کولتووری کورد بزانم. بۆم دەرکەوت دیمەن و راستی زۆر هەن کە هاوشێوەی میللەتی ئێمەن."

بیرۆکەی ئەم شانۆیە لە رووداوی بوومەلەرزەکەی ساڵی رابردووی باکووری کوردستان هاتوووەتە ئاراوە، کە هەزاران هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا، رێکخراوی "سی پی فۆر پی ئینتەرناشناڵ" بەرهەمێنەری ئەم شانۆیەیە، بەڕێوەبەری ستەیجەکە دەڵێت: ئامانجمانە خەڵکی وڵاتانی رۆژئاوا بزانن کورد دەربەدەری زۆریان بینیوە.

بێریڤان عوسمان، بەڕێوەبەری ستەیج بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەم شانۆیە لەبارەی جینۆسایدی کوردە، کە لە ساڵی 1988 و پێشتریش ئەنفال بەسەر کورددا هاتوون، بۆیە ئێمە ویستمان شتێک لەسەر کورد بەرهەمبهێنین، هاوکات لە باکووریش کە کورد لەژێر جەور و ستەمدا دەژین."

نمایشکردنی شانۆیەک لە وڵاتێکی رۆژئاوا کە باس لە ژیان و ئازاری نەتەوەی کورد دەکات، نیشاندەری گەورەیی تراژیدیای جینۆساید و ئەنفالە، ئامادەبوونی ئەو ژمارە زۆرەش لە خەڵکی ئەو وڵاتە کە هیچ ئاشنایەتییەکیان لەگەڵ زمانی کوردیدا نییە دەرخەری پشتیوانییەکی نێودەڵەتییە بۆ گەلی کورد.