حزبوڵڵای لوبنانی هێزەکانی خۆی لەسەر سنووری ئیسرائیل کشاندەوە

K24 - هەولێر

ماڵپەڕی "والا"ـی ئیسرائیلی ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ حزبوڵڵای لوبنانی چەکدارانی "هێزەکانی ئەلرەزوان"ـی لە هەندێک ناوچەی باشووری لوبنان کشاندەوە بۆ باکووری وڵاتەکە، ئەمەش بەهۆی مەترسی پێکدادان بووە لەگەڵ سوپای ئیسرائیل.

بەگوێرەی راپۆرتێکی هەواڵگری ئیسرائیلی کە ماڵپەڕی "والا" بڵاویکردووەتەوە، حزبوڵڵای لوبنانی بەشێک لە هێزەکانی خۆی لە باشووری لوبنان کشاندەوە بۆ باکووری لوبنان.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەو هێزانەی پاشەکشەیان پێکراوە، لەماوەکانی رابردوودا بەهۆی شەڕو مووشەک بارانکردن لەگەل هێزەکانی ئیسرائیل زۆرترین زیانییان بەرکەوتووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، حزبوڵڵا هەزاران چەکداری خۆی لە زەوی ئیسرائیلی دوورخستووەتەوە، لەنێوانییان چەکدارانی "هێزەکانی رەزوان".     

بەرپرسێکی هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل دەڵێت: روون نییە کشاندنەوەی هێزەکان، کاتییە یان هەمیشەیی.

لەدوای دەستپێکردنی شەڕی غەززە، ئیسرائیل بە چڕی سنووری لوبنانی بۆردمانکردووە، کە بووەتە هۆی کوژرانی 123 چەکداری حزبوڵڵای لوبنانی.