شانۆگەرییەکی کوردی بەشداری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی وڵاتانی عەرەبی دەکات

K24 - هەولێر

شانۆکارانی چەمچەماڵ بە شانۆگەری "سێوی بیست و یەک"، بەشداری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی وڵاتانی عەرەبی دەکەن و فێستیڤاڵەکەش بڕیارە ڕۆژی سێشەممە 26ـی کانوونی دووەم لە بەغدادی پایتەختی عێراق بەڕێوەبچێت.

ئاوات جەلال دەرهێنەری شانۆگەرییەکە بە کوردستان 24ـی راگەیاند: بنچینەی خەڵقیەتی ئەم نمایشە دەگەڕێتەوە بۆ درک کردن بە پێشهات و دەرکەوتنی زنجیرەیەک رووداوی مەترسیدار بۆ سەر هەسارەی زەوی و مرۆڤایەتی، هەروەها پێرفۆرمانسەکە جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە، کە بە درێژای مێژوو لە دروست بوونی مرۆڤ "ئادەم" وەک ژیرترین مەخلوقی "خوا" هەتا ئێستا، کە سەدەی بیست و یەکە وەک ماشێنێکی تێکدەر لە پێناو بنیادنان و مانەوەی خۆیدا، ئامادەیە سروشتی گەردوونی تێکبشکێنێت و بیخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە، ئەگەر چی خودی مرۆڤ خۆی بەشێکی گەورەیە لە مەنزومە گەورەکەی گەردوون، بەڵام سەرشێتانە و بێگوێدانە دەرهاویشتەی خراپی وەکو تەنک بوون و کون بوونی بەرگە هەوا و تواندنەوەی شاخە بەستەڵەکەکانی باکوور و بوونی رێژەی زۆربوونی یەکە ئۆکسیدی و کارگە و ئۆتۆمبێلەکان لە هەوادا و پیسبوونی دەریا و زەریاکان بە پاشەڕۆی کەشتیە زەبەلاحە بارهەڵگرەکانی سووتەمەنی و کەرەستە زەبەلاحەکانی جەنگ و ئەتۆم.

بۆ تایتڵی سێوی بیست و یەک، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە گوتی: لە چیرۆکی نیوتندا هێمایە بۆ دۆزینەوەی زانستی کێش کردنی زەوی، هەروەها سێو ئێستا یەکێکە لە هاوبەشە گەورەکانی جیهان، کە دامەزرێنەرەکەی ستیڤ جۆبسە.

دەشڵێت: سێو بۆ ئێمە وەک کورد رابردوویەکی تراژیدیای ناخۆشمان هەیە لەگەڵیدا، لە ساڵی 1988 رژێمی بەعس بە چەکی کیمیایی هێرشی کردە سەر شاری هەڵەبجە، ئێستاش رزگار بووانی ئەو کۆمەڵکوژیە ئاماژە بەوە دەدەن بۆمبە کیمیاییەکە بۆنی سێوی لێدەهات.

شانۆگەری سێوی بیست و یەک، لە بیرۆکەی مەریوان تاهیر و دەرهێنانی ئاوات جەلالە، هەر یەکە لە ئیدریس شەوکەت و سیامەند حەسەن و بابان محەمەد رۆڵی تێدا دەگێڕن.