هونەرمەند هەڤاڵ سەمەد: گۆرانی و میوزیکی کوردی زۆر دەوڵەمەندە

K24 - هەولێر

گۆرانیبێژ هەڤاڵ سەمەد، باسی کارە هونەرییەکانی و بەرهەمی نوێی خۆی دەکات و دەڵێت: لە ئێستادا دوو بەرهەمی خۆمم لەبەردەستە کاریان لەسەر دەکەم، هیوادارم لە ئایندەیەکی نزیکدا گوێ بیستی بن، هەروەها سێ بەرهەمی منداڵانم لە بواری پەروەردەدا ئامادەیە بۆ تومارکردن و بە هیوام بتوانم خزمەتێک بە منداڵانیش بکەم.

گۆرانیبێژ هەڤاڵ سەمەد، بە کوردستان24ـی گوت: سێ کاری سینگڵ تراکم هەیە، لە سێ سروودی پێشمەرگە وەکو کۆرس بەشداریم کردووە، جگە لە چەند بەرهەمێکی هونەرمەندانی دیکە، کە لە بۆنە و فێستیڤاڵەکاندا بەشداریم کردووە. تا ئێستا هیچ دوێتکم نییە، بەڵام هەر کەسێک لە ستایل و شێوازی من کار بکات، لام ئاساییە دوێتی لەگەڵدا بکەم. هەروەها من بەدەر لە کاری هونەری مامۆستام و هەر وانەی هونەر دەڵێمەوە، بۆیە مامۆستاییم زۆر پێ خۆشە و حەزم بۆ کارێکی تر نەچووە.

ئەو گۆرانیبێژە باسی دەوڵەمەندی ئاواز و میوزیکی کوردی دەکات و رایگەیاند: گۆرانی و میوزیکی کوردی زۆر دەوڵەمەندە، چونکە زۆرترین زاراوەمان بە زمانی کوردی هەیە و لە هەموو زاراوەکانیش گۆرانی و میوزیکی رەسەنی کوردیمان هەیە، بەڵام بە پێی ئەوەی میللەتێکی ژێر دەستەین لەهەر چوار پارچەی کوردستاندا، بۆیە نەمان توانیوە خاوەنداری بەرهەمە کوردیەکانی خۆمان بکەین و بە جیهانیان بناسێنین.

هەڤاڵ سەمەد، دەربارەی سوودی تەکنەلۆژیا بۆ گۆرانی میوزیکی کوردی ئاماژەی کرد: تەکنەلۆژیا سودێکی زۆری هەبووە بۆ گۆرانی کوردی چ لە رووی کار ئاسانییەوە بۆ تۆمارکردن و جوانکاری لە کارکردندا، چ لەرووی گەیاندنی میوزیک و گۆرانی کوردی بە جیهان و ناساندنی بەرهەمە هونەرییەکان لە رێگەی تەکنەلۆژیاوە. جەختیشیکردەوە، لەو کاتەی تەکنەلۆجیا ھاتۆتە ناو ژیانی رۆژانەمان، کاریگەری باش و خراپی ھەبووە، ھەر بەم ھۆیەشەوە چەند ستایلێکی نامۆ درووست بوون لە ناو مۆسیقا دا. ئەمانەش سەرنجی گەنجانی ھەموو  جیھانی راکێشاوە و بوون بە ستایلێکی سەردەمیانە، بۆیە من پێم باشە ئەم ستایلانەش بوونیان ھەبێ، بەڵام نابێ کار بکاتە سەر گۆرانی فۆلکلۆری و لاوک و حەیران و حەیرانۆک و ھۆڕا سیاچەمان و مۆسیقای رەسەنمان، ھەروەھا دەکرێ مۆسیقای کوردی بەشێوەی ئۆرکێستراش ئارێنج بکرێ، بەڵام بەشێوەیەک بێ کە چێژ و رەسانەیەتی لەدەست نەدات، ئەمەش کاری مۆسیقازانێکە کە لە مۆسیقای فۆلکلۆری شارەزایی زۆری ھەبێت و دواتریش لە زانستی مۆسیقا شارەزا بێت بە تایبەت لە رووی ھاڕمۆنیزیرنکردن.

ئەو هونەرمەندە باسی لەوەشکرد، هەموو هونەرمەندێک بیەوێت کاری گۆرانی و میوزیک بکات، ئەوا زۆر سەختی دێتە رێگای بە تایبەت لە دونیای ئەمڕۆدا کە بە داخەوە ماددە حوکمی هەموو شتێک دەکات و لەبەر ئەوە هاوکاری هونەرمەندان زۆر کەمبووە، هەروەها رێز لەکارەکانت ناگیرێ وەکو پێویست.

لەکۆتایی قسەکانیدا گۆرانیبێژ هەڤاڵ سەمەد، باس لە پڕۆژەی نوێی خۆی دەکات و دەڵێ: لە ئێستادا دوو بەرهەمی خۆمم لەبەردەستە کاریان لەسەر دەکەم، هیوادارم لە ئایندەیەکی نزیکدا گوێ بیستی بن، هەروەها سێ بەرهەمی منداڵانم لە بواری پەروەردەدا ئامادەیە بۆ تومارکردن و بە هیوام بتوانم خزمەتێک بە منداڵانیش بکەم.

 

گۆرانیبێژ هەڤاڵ سەمەد، تەمەنی 23 ساڵە و دانیشتووی قەزای چەمچەماڵە، دەرچووی کۆلێژی هونەرەجوانەکانی زانکۆی سەڵاحەددینە.