هیوا عەونی: هونەر شانازی و خۆشەویستی پێبەخشیووم

K24 - هەولێر

هیوا عەونی هونەرمەندی بواری نواندن و دەرهێنان، باس لە ژیانی هونەری خۆی و نوێترین كاری هونەری لە وڵاتی ئەڵمانیا بۆ کوردستان24 دەكات، کە ماوەی ساڵانێکە لە تاراوگە و غوربەتدا هونەری کوردی لەوێ نمایش دەکات و دەیەوێت بە گەلانی دنیا بڵێت ئێمە خاوەن فەرهەنگ و کولتوورێکی دەوڵەمەندین و لە وڵاتێکی بێ ئاڵاوە هاتووین هونەری خۆمان ئاوێزانی کارە هونەرییەکانی ئێوە بکەین.

كوردستان24: لە تاراوگە سەرقاڵی چی كارێكی هونەریت؟

هیوا عەونی: لەگەڵ گروپی كابارێت خەریكی خۆ ئامادەكردنین بۆ ساڵی نوێ تا دووەمین دیمانەی (شانۆی كوردی دیاسپۆرا)، كە چالاكیەكی ساڵانەی گرووپەكەمانە هەروەها ئامادەكردنی بەرنامەیەكی كۆمێدیا، كە لە شۆسیال میدیا بڵاو دەبێتەوە.

كوردستان24: دەنگێكی خۆشت هەیە و گۆرانیش دەڵێیت چۆنە نەبویتە گۆرانیبێژ؟

هیوا عەونی: خەسڵەتی گۆرانیبێژ لە خۆمدا نابینم پێموایە وەك كاری هونەری نواندن سەركەوتوو دەبم وەك لە كاری هونەری گۆرانی گوتن.

كوردستان24: منداڵەكانت تا چەند رێچكەی تۆیان گرتووە؟

هیوا عەونی: هیچ لە منداڵەكانم ڕێچكەی منیان نەگرتووە، هەریەكەیان بەدەر لە هونەر حەزیان بەكارێكی ترە.

كوردستان24: هونەر چی بە ئێوە بەخشیوە؟

هیوا عەونی: هونەر جوانی‌ و  شانازی و خۆشەویستی پێبەخشیووم.

كوردستان24: سەیری كارەكانی خۆت دەكەیتەوە؟

هیوا عەونی: هەندێك جار سەیری كارەكانی خۆم دەكەمەوە تا سوود لە هەڵەكانی رابردوو ببینم و بزانم لەكوێدا كەموكوڕی هەیە.

كوردستان24: كارە هونەریەكانت بۆ كەی دەگەڕێتەوە؟

هیوا عەونی: لەساڵی 1987ـەوە دەستم بە كاری هونەری كردووە، بەڵام ناو بەناویش بۆ ماوەی ساڵ‌ و دوو ساڵ دابڕاوم، بەڵام تا ئێستا بەردەوامم.

كوردستان24: جیاوازی كاری هونەری لە نێوان كوردستان‌ و تاراوگەدا چییە؟

هیوا عەونی: لە كوردستان هونەرەكەمان لەسەر خاك و كولتووری خۆمان داناوە بە دەستەجەمعی بەڵام لە تاراوگە یاسا و كلتوری جیاواز و تایبەت بەهونەر هەیە.

كوردستان24: بۆچی هێندە ئارەوزووی هونەری كۆمیدیا دەكەیت؟

هیوا عەونی: وەك خۆم تایبەتمەندی كۆمێدیام زیاترە هەستەكەم لەو بوارەدا سەركەوتووم هەتا ئێستاش ئەزموونی تراژیدیام نیە.

كوردستان24: تەنیا كاری نواندن دەكەیت؟

هیوا عەونی: زیاتر نواندنم كردووە، بۆ خۆشم دەرچووی پەیمانگای هونەرەجوانەكانم بەشی دەرهێنان، بەڵام ئەوەی خۆم هەستم پێكردوە لە نواندندا سەركەوتووم وەك لە دەرهێنان.