لاوەند مەموندی: گەشتی پێچەوانەی ئەوروپا بۆ هەرێمی کوردستان زیادیکردووە

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر

K24-هەولێر :

سەرۆکی یەکێتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاریی لە هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، ژمارەی گەشتی پێچەوانەی گەشتیارانی ولاتانی ئەوروپا بۆ هەرێمی کوردستان زیادیکردووە، ئەوەش نیشانەی بەرقەراربوونی ئارامی و ئاسایشی هەریمی کوردستانە.

ئەمڕۆ دوو شەممە ( 25-ی کانوونی یەکەمی 2023)، لاوەند مەموندی سەرۆکی یەکێتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاریی لە هەرێمی کوردستان بە کوردستان 24 ی راگەیاند: گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ توکیا و لوبنان، هەروەها دوبەی و شاریقە و میسرو، گەشتە راستەخۆکانی هەولێر و وڵاتانی ئەوروپا ئاستی بەرزبۆتەوە و زیادیکردووە.

لاوەند مەموندی دەڵێ: هاووڵاتیانێکی زۆری هەرێمی کوردستان و بیانیش لە وڵاتانی ئەوروپاوە، بۆ جەژنەکانی سەری ساڵ دێنە هەولێر و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، ئەوەش قەرەباڵغیەکی زۆری خستۆتە نێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، کە بازاڕی کوردستان زیاتر دەبوژێننەوە.

سەرۆکی یەکێتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاریی لە هەرێمی کوردستان پێشنیازیکرد، پەرەی زیاتر بە  کەرتی گەشتوگوزار بدرێت لەو کەشە هێمن و ئارامە هەرێمی کوردستان کە لە سایەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەدیهاتووە و بۆتە جێی سەرنجی وڵاتانی دەوروبەر و وڵاتانی جیهانیش، دەشڵێت: بە سازکردنی فیستیڤاڵ و  کۆنسێرتی میوزیک و بانگهێشتکردنی هونەرمەندە دیارەکانی جیهان، گەشتیارێکی زۆر زیاتر رادەکێشرێت بۆ هەرێمی کوردستان، دەتوانرێت لەو رێگەیەوە رووی ئارام و سەقامگیریی کوردستان نیشانی جیهان بدرێت.