هاووڵاتییانی رۆژهەڵاتی کوردستان روویان کردووەتە دامەزراندنی کارگەی بچووک

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی دۆخی خراپی ئابووری، نەبوونی هەلی کار و کارگەی گەورە؛ هاووڵاتیان ڕوویان کردووەتە دامەزراندنی کارگەی بچووک.

لە زۆرینەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشێک لە بەرگدوورەکان وازیان لە شێوازی کاری نەریتی خۆیان هێناوە و بە دامەزراندنی کارگەی بچووک ڕوویان کردووەتە بەرهەمهێنانی جلوبەرگ.

 ئێستا بەرهەمەکانی ئەم کارگە بچووکانە لە ئاستی ئێران و رۆژهەلاتی کورستاندا ڕکابەرایەتیی جلوبەرگی تورکی و چینی دەکەن.

ئەوان لە کارگە بچووکەکەی خۆیان بە گوێرەی پێداویستیی بازاڕ و گۆڕینی وەرزەکان جلوبەرگی تایبەت بەم وەرزە بەرهەم دێنن.

محەممەد عەلیزادە، خاوەنی کارگەیەکی بچووکی جلوبەرگە و دەڵێت، "لەم کارگەیە لە جلوبەرگی قوتابخانەی مناڵانەوە هەتا هەموو جۆرە جلوبەرگێکی ژنانە و پیاوانە بە ژمارەی زۆر و لە قەبارەی جیاوازدا ئامادە دەکرێت و ڕەوانەی بازاڕ دەکرێت. بەرهەمەکانیشیان زیاتر لە پێداویستیی ناوخۆی شارەکەیە و هەر بۆیە بەشێک لە بەرهەمەکانیان هەناردەی شارەکانی دیکەی ئێران و هەرێمی کوردستان دەکەن".

شێرزاد فەتحی، وەستای بەرگدروو باس لەوە دەکات، "بەرهەمەکانی ئەم کارگە ناوخۆییانە، بە هۆی ئەوەی هەرزانتر لە بەرهەمی هاوردەن و لە بواری کوالێتیشەوە ڕکابەرایەتیی بەرهەمە بیانییەکان دەکەن، هەر بۆیەش خواستێکی زۆریان لەسەرە و هەر کارگەیەکیش بە گوێرەی وەرزی کار و قورسایی کارەکان هەلی کار بۆ پێنج تا 15 کەس دابین دەکات".