کاسبکارانی عەلوە نوێیەکەی کەرکووک نیگەرانن

K24 – هەولێر

بەهۆی جیاوازی لەنێوان کاسبکارانی کەرکووک، کە لەژێر فشاری ئیدارەی سەپێندراوی شارەکە لە عەلوەی خانخورما گواستراونەتەوە  بۆ عەلوەی نوێ، بەشێک لە کاسبکاران گردبوونەوە و نیگەرانن لەو جیاوازییەی لەنێوانیان کراوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە.

هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، دوای فشارێکی زۆری قایمقامییەت و هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی سەپێنراوی کەرکووک، کاسبکارانی عەلوە لە خانخورما گوازراونەتەوە بۆ عەلوەی نموونەیی کەرکووک، بەشێک لە کاسبکاران لە خانخورما ماونەتەوە، ئەمەش جیاوازی لەنێو کاسبکاران دروستکردووە، کاسبکارانی عەلوەی نموونەیی کەرکووک گردبوونەتەوە و ناڕەزایەتی دەردەبڕن، بۆ ئەوەی ئەوانی دیکەش وەک ئەمان بنێدرێنە عەلوەی نوێ و لەناو شاردا نەمێنن.

کاسبکارێک لەناو گردبوونەوەکە بە کوردستان24ـی گوت: "خۆمان منداڵی خانخورماین، ئەوەی هات پڕۆژەی عەلوە نوێکەی کردەوە، بەفشار ئێمەیان لە خانخورما بۆ عەلوە نوێکە گواستەوە، بەڵام بە نرخێکی کەمتر دوکانەکانییان پێداین، پارەیەکی زۆرمان خەرجکردووە لە دوکانەکانی عەلوەی نوێ، چەند خاوەن دوکانێک لەوێ دوکانیان کردووەتەوە کاریگەری کەوتووەتە سەر بازاڕی عەلوە نوێیەکە، بۆیە داوا لە لایەنەکان دەکەین چارەیەکی ئەم دۆخە بکەن.

کاسبکارێکی دیکە دەڵێت: نزیکەی 30 کاسبکاری دیکەی لە عەلوەی خانخورما ماون و گرفتیان بۆ ئێمە دروستکردووە، لەبەر ئەوەی شوێنەکەی نزیکترە هاووڵاتییان بۆ کڕینی سەوزە و میوە روودەکەنە ئەوێ، هەموو رۆژێک زیانی مادییمان پێ دەگات.

خاوەن پڕۆژەی عەلوەی نموونەیی کەرکووک بە کوردستان24ی راگەیاند: لە رابردوودا بیانوو کاسبکاران ئەوەبوو کە کەرکووک عەلوەیەکی تێدا نییە، ئێستا عەلوەیەکمان دروستکردووە نموونەی لەسەر ئاستی عێراق، نازانین بۆچی ئەو 30 کاسبکارە گەڕاونەتەوە عەلوە کۆنەکە، زۆربەی ئەوانەی لەو عەلوە کۆنەن دووکانیان هەیە لەم عەلوە نوێیە، ئەوە بووەتە هۆی کاریگەریی دروست بکات لەسەر ئیش و کاری ئەم کاسبکارانەی عەلوە نموونەییەکە، لە عەلوە کۆنەکە ئەو 30 کاسبکارە رسوومات نادەن لەگەڵ دەڵاڵییەکە، بۆیە ئەوانەی ئەمڕۆ گرد بوونەتەوە داواکەیان رەوایە.